زایەڵە - وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند لە ئیسفەهان بە سێ درۆن هێرش کراوەتە سەر کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنانی ئەو وەزارەتخانە.
وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنانی وەزارەتی بەرگری لە شاری ئیسفەهان بە سێ درۆن هێرشی کراوەتەسەر.
وەزارەتەکە هێرشەکەی بە "ناسەرکەوتوو" لە قەڵەمدا و ڕایگەیاند، "زەرەر و زیانێکی ئەوتۆی نەبووە."
 وەزارەتی بەرگریی ئێران سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 29-01-2023 رایگەیاند، بە درۆن هێرش کراوەتە سەر کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنان، کە یەکێک لە درۆنەکان بە "سیستمی دژە مووشەکی کۆمەڵگەکە لێی دراوە و دوو درۆنی دیکەش کەوتوونەتە داوی سیستمی بەرگری و تەقیونەتەوە."
 ئەو هێرشە دوایین ساتەکانی شەوی 28-01-2023 روویداوە و بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی ئێران، هێرشەکە بەهۆی "پێشبینییەکان و رێوشوێنە رەچاوکراوەکان بە سەرکەوتوویی پووچەڵ کراوەتەوە."
وەزارەتی بەرگریی ئێران ئاماژەی بەوە داوە، سەربانی یەکێک لە کارگەکان زیانی بەرکەوتووە، بەڵام "کێشەیەکی بۆ دامودەزگا و چالاکییەکانی کۆمەڵگەکە دروست نەکردووە."