زایەڵە - رۆژی چوارشەممە 1ی شوباتی 2023، دەوروبەری کاژێر 07:30 خولەک، چەند مووشەکێک ئاراستەی سەربازگەی زێلکان لە ناحیەی باشیکی سەر بە پارێزگای نەینەوا کران. بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان دەڵێت، هەشت مووشەک بوون.

سەربازگەی زێلکان هێزەکانی سوپای تورکیای تێدا جێگیرکراون.

 محەممەد ئەمین غەریب، بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو لە مووشەکەکان لەنێو سەربازگەکە کەوتوونەتە خوارەوە و مووشەکەکانی دیکە لە دەوروبەری سەربازگەکە کەوتوونەتە خوارەوە.

 هەروەها دژەتیرۆری کوردستانێش دەڵێت، هەشت مووشەک ئاراستە کراون و دووان لە مووشەکەکان لەنێو سەربازگەکە کەوتوونەتە خوارەوە.

 لەبارەی زەرەر و زیانەکانەوە، بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیانەکان ئاشکرانەکراون.  

 "بە تەواوی دیارنییە لە کوێوە ئاراستە کراون، بەڵام لە باشوورەوە ئاراستە کراون کە گوندەکانی فازلییە و کانوون دەگرێتەوە." وەک محەممەد ئەمین غەریب دەڵێت.

 سەربازگەکەی تورکیا لە ساڵی 2015 لە سنووری ناحیەی زێلکان دامەزراوە و لەوکاتەوە نزیکەی 20 جارە مووشەکی ئاراستە کراوە.  

لە دوای هێرشەکە، گرووپێک بەناوی لیوای ئەحراری عێراق بەرپرسیاریێتی هێرشەکەی گرتووەتە ئەستۆ و رایگەیاندووە، لە کاژێر 7:36 خولەک، بنکە سەربازییەکەی تورکیای بە 20 مووشەک کردووەتە ئامانج.