زایەڵە - جووتیار عادل، وته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگه‌یاند،ئاماده‌كاری بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌ كراوه‌، كه‌ داهاتى پێویست بۆ مووچه‌ دابین كرا، وه‌ك مانگه‌كانى پێشوو وه‌زاره‌تى دارایی كاتى دابه‌شكردنى مووچه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها دابه‌شكردنى مووچه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت.
ڕاشیگەیاند، وه‌كوو حكوومه‌ت پێشتریش توانیمانه‌ بەردەوامی بە دابەشكردنی مووچە بدەین به‌بێ ئه‌و 200 ملیار دیناره‌ى عێراق بۆ هه‌رێمى كوردستانى ده‌نێرێت، چونكه‌ له‌ ماوه‌ى 14 مانگدا، حكوومه‌تى عێراقى ته‌نیا دوو جار 200 ملیار دیناره‌كه‌ى ناردووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ تاوه‌كوو ئێستا به‌رده‌وامین له‌ دابه‌شكردنى مووچه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش مافێكى هه‌رێمى كوردستانه‌ و سازشى له‌سه‌ر ناكه‌ین.
وتیشی،  ئه‌مه‌ خێر نییه‌ حكوومه‌تى عێراق به‌ ئێمه‌ى بكات، قه‌رزیش نییه‌ كه‌ پێمانى بدات و ئێمه‌ له‌سه‌ر خۆمان به‌ قه‌رز هه‌ژمارى بكه‌ین، به‌ڵكوو ئه‌مه‌ مافى خه‌ڵكى كوردستانه‌.
لەبارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا وتی، لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، بەمەبەستی بەردوامیدان بە گفتگۆکان.
سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ بەیاسایی ناساندنی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ جێگای قبوڵکردن نییە و پێویستە دادگا لە ململانێ سیاسییەکاندا بێلایەن بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی شاندی حکومەتی هەرێم و بەغدا دەبێت.
کامەران کەریم