زایەڵە - وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاند،  وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری دا بە خەرجكردنی گوژمەی زیاتر لە 540 ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی چواردە پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری شارۆچكەكانی سەر بە پارێزگەی هەولێر، وەك قیرتاوكردن و دروستكردنی شەقام و كیربستۆن و كۆنكرێتكردن و چەند بوارێكی تر. ئەو گوژمەیە لەسەر ڕێژەی 15%ی داهاتی شارەوانییەكانە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر.

پرۆژەكان بریتین لە كیربستۆنكردنی چەند شەقامێك لە بەحركە، دروستكردنی شەقام لە ناحیەی قوشتەپە، دروستكردن و قیرتاوكردنی چەند شەقامێك لە دارەتوو، دروستكردنی كۆڵان لە گەڕەكی دووسەرەفەتاح لە ناحیەی شەمامك، دروستكردن و دانانی قالبی كێربستۆنی شەقام لە گەڕەكی شەهیدان لە شارەوانیی ڕزگاری، كۆنكرێتكردنی گەڕەكی سەفین لە شاوێس، دروستكردنی شەقام لە كانی قڕژاڵە، كۆنكرێتكردنی شەقام و دیواری پاڵپشت لە گەڕەكی سابیراوە لە شەقڵاوە. كۆنكرێتكردنی كۆڵان لە سەلاحەدین، دروستكردنی نافوورە لە قەزای مەخموور، نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنی چەند شەقامێك لە كەسنەزان، دانانی كێربستۆن و دروستكردنی ئاوەڕۆ لە بنەسڵاوە، لەگەڵ چەند پرۆژەیەكی دیكە لە سنووری ئەو شارۆچكانە.

کامەران کەریم