زایەڵە - ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، بانكی ناوەندیی عێراق پێشنیازێكی نوێی هەیە كە مانگی یەك جار دۆلار بە نرخی فەرمی و بە بڕێكی دیاریكراو بدرێتە هاوڵاتییان.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەزایەڵەی ڕاگەیاند، بانكی ناوەندی پێشنیازێكی نوێی گەڵاڵەكردووە بە جۆرێك مانگانە هەزار بۆ دوو هەزار دۆلار بەو نرخەی كە خۆی دایناوە بداتە هاوڵاتییان بە چەند مەرجێك.
وتیشی، بانكی ناوەندیی عێراق ئەنجومەنێكی هەیە كە پێكهاتووە لە پارێزگاری بانكی ناوەندی و جێگرەكانی كە پێكەوە بڕیاری كۆتایی دەدەن.
هێمای بەوەشکرد، بەپێی پێشنیازەكە كە گەڵاڵەكراوە هاوڵاتییان لە یەك مانگدا دەتوانن یەكجار لە بانكی ناوەندیی عێراق دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن و بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی ئەو لقانە دەكەن كە تایبەتە بە لقی بانكی ناوەندیی عێراق، بەڵام تائێستا ئەو پێشنیازە رەزامەندی لەسەر نەدراوە و ئەگەر كاری لەسەر بكرێت كاریگەری لەسەر دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دەبێـت.
کامەران کەریم