زایەڵە - محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، پەرۆشی حكوومەتی بۆ پاراستنی باشترین پەیوەندی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران دووپاتكردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیران لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت : "ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیران پێشوازی لە حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران و شاندی یاوەری كرد".
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، "لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و كۆمەڵێك بابەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بوو كە جێگەی نیگەرانی هاوبەشن، هەروەها جەختكردنەوە لەسەر بەهێزكردنی ئاسۆكانی هاوكاری لە بوارەكانی ئەمنی و ئابووری و ڕۆشنبیری".
لە میانەی دیدارەكەدا سودانی، پەرۆشی حكومەتی عێراقی بۆ پاراستنی باشترین پەیوەندی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، و خواستی چەسپاندنی هاوكاری و هاوبەشی لە بوارە جیاجیاكانیدا دووپات كردەوە.
هەر بە پێی راگەیندراوەكە، "عەبدوڵڵاهیان سڵاوی سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی گەیاندە سەرۆك وەزیران و دووپاتكردنەوەی لە قووڵایی پەیوەندیی برایەتی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ، خواستی وڵاتەكەی بۆ بەڕێوەچوونی خولی نوێی دانوستانەكان بۆ لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردوولا، و پابەندبوونی حكومەتی ئێران بە هەموو ئەو شتانەی كە پێویستن، ئەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی عێراق."