زایەڵە -  بەئامادەبوونی کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و سەروەر کمال هاواری بریکاری وەزارەت بۆکاروباری بازرگانی و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم، دوا وەجبەی چەکی پارەی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠١٥ لەسایلۆی هەولێر دابەشکرا.

پاشان لە کۆنگرەیەکدا وردەکاری بڕو چۆنیەتی دابەشکردنی شایستەداراییەکانی جوتیاران خرانە ڕوو وڵامی پرسیاری میدیاکارانیش درایەوە.

جێی ئاماژەیە لەئێسادا شایستە داراییەکانی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ خەرجدەکرێت و پارەکە گەیشتووەتە بانکەکانی هەرێمی کوردستان، لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی چەکی پارەکە دابەشدەکرێت.

دوێنێ لە دهۆک خەرجکراوە و ئەمڕۆ لە هەولێر دەست بە خەرجكردنی کراو، دابەشکردنی پارەکە بۆ جوتیارانی سنووری پاریزگای سلێمانی لە چەند رۆژی داهاتوودا خەرج دەكرێت و پڕۆسەکە ئەوێش دەگرێتەوە.

هەروەها بڕی ئەو پارەیەی کە دابەش دەکرێ ، ١٣٩ ملیار و ٦٨٧ ملیۆن دینارە و تایبەتە بە شایستە داراییەکانی ٢٠١٥ـی گەنمی جوتیاران، وە بەمشێوەیە بەسەر جوتیاران پارێزگاکان دابەشدەکرێت:

 هەولێر ٦٠ ملیار و ٥٦٩ ملیۆن و ٧٤٨ هەزار دینار، لە سلێمانی ٤٤ ملیار و ١٢٩ ملیۆن و ٤٠٤ هەزار دینار، لە دهۆکیش ٣٤ ملیار و ٩٨٧ ملیۆن و ٩١١ هەزار دینار.

کامەران کەریم