زایەڵە - ئاریان تاوگۆزی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراکسیۆنی نەوەی  نوێ بەزایەڵەی ڕاگەیاند، وەک پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بەدواداچونیان بۆ مەرزی کێلێ کردو بەرێوەبەری خاڵەسنورییەکانی عێراقیش بەڵينی کردنەوەی مەرزەکە و بە فەرمی ناساندنی دابەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کاروبارەکانی کردنەوەو بەفەرمیی ناساندنی دەروازە سنوورییەکانی کێلێ لە قەڵادزێ و سازان لەپارێزگای هەڵەبجە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ سەردانی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراقی کرد.

وتیشی،  لەو سەردانەدا لیوا عومەر وائلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق باسی لەورێوشوێنانە کرد کە دەربارەی کردنەوەو بەرەسمی ناساندنی دەروازە نارەسمییەکانی هەرێم گرتویانەتە بەر، هەر لەو دانیشتنەدا سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ داوایکرد کە پەلە بکرێت لە بەرەسمی ناساندنی دەروازەی کێلێ و هەروەها کردنەوەی دەروازەی سازان لە پارێزگای هەڵەبجە.

ئەوەشی خستەڕوو، لای خۆیەوە سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان ڕایگەیاند کە ئەوان نووسراوی تایبەتی فراکسیۆنی نەوەی نوێ سەبارەت بەو دوو دەروازەیە دەخەنە بەردەم کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی دەستەی دەروازە سنووریەکان تا دەروازەی کێلێ لەلایەن حکومەتی ئیتحادیەوە بەفەرمیی بناسرێت و هەروەها رێوشوێنەکانی کردنەوەی دەروازەی سازانیش دەستپێبکرێتەوەو تەواو بکرێت.هەروەها لەو دانیشتنەدا دەستەی دەروازە سنووریەکان رایانگەیاند کە لەئایندەیەکی نزیکدا شانبەشانی ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ سەردانێکی مەیدانی بۆ دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای سلێمانی ئەنجام دەدەن.

کامەران کەریم