زایەڵە - ساڵی ڕابردوو، له ‌سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و خێزان، 15 هەزار و 897 په‌ڕاو تۆماركراون.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و خێزانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە ساڵی 2022، لە هه‌ولێر پەڕاوی تۆماركراو بریتی بووە لە چوار هه‌زار و 67 په‌ڕاو، لە دهۆك چوار هه‌زار و 348 و لە سلێمانی پێنج هه‌زار و 411 په‌ڕاو تۆماركراون.

وتیشی، لە ئیدارەی سەربەخۆی گه‌رمیان هه‌زار و 82 په‌ڕاو، لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپه‌ڕین 624 و لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش 365 په‌ڕاو تۆماركراون.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی ڕابردوودا چوار هەزار و 437 فەرمانی دەستگیرکردن دەرچووە بۆ ئەو کەسانەی مامەڵەی نادروست و نامرۆیی و نایاساییان ئەنجامداوە بەرامبەر بە ژنان.