زایەڵە - ئێران و سعودیە رێکەوتنی هاوبەشیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی هەردو وڵات راگەیاند و بەپێی رێکەوتنەکەش، لەماوەیەکی دیاریکراودا هەردولا باڵیۆزخانە لە تاران و ریازی پایتەخت دەکەنەوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران و عەرەبستان، دوای سەردانەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ پەکینی پایتەختی چین لە مانگی شوباتی ڕابردو، عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ڕۆژی دوشەممەی ڕابردو لەگەڵ هاوتا سعودیەکەیدا وتوێژی چڕ و پڕی دەستپێکردوە، بە ئامانجی بەدواداچون بۆ ڕێککەوتنەکانی سەردانەکانی سەرۆک کۆماری ئێران و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان تاران و ڕیاز.
بەگوێرەی راگەیەندراوی هاوبەشی ئێران و چین، لە کۆتایی وتوێژە تەواوکراوەکاندا کۆماری ئیسلامی ئێران و شانشینی عەرەبستانی سعودیە لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و کردنەوەی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکان لە ماوەی دو مانگدا ڕێککەوتون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، لە بەرامبەر دەستپێشخەری شایستەی شی جینگ پینگ سەرۆک کۆماری چین بۆ پشتیوانیکردن لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و شانشینی سعودیە، لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و لە ڕوانگەی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ شانشینی سعودیە سەرۆکەکانی هەردو دو وڵات بۆ میوانداری و پشتیوانی دیالۆگ لە نێوان ئێران و سعودیە، هەروەها خواستی دو وڵات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی لە ڕێگەی وتوێژ و دیپلۆماسییەوە شاندی سعودیە بە سەرۆکایەتی موساعد بن محەمەد عەیبان، وەزیری دەوڵەت و ئەندامی ئەنجومەنی وەزیران و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، لە رۆژی 6-10ی (ئازار/3)ی 2023 هەردولا کۆبونەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزیرانی دەرەوەی هەردو وڵات کۆدەبنەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و ڕێکخستنە پێویستەکان بۆ ئاڵوگۆڕی باڵیۆزەکان و هەردولاش دوپاتیانکردەوە رێز لە سەروەری خاکی یەکتر دەگرن و دەستوەردانیش لەکاروباری ناوخۆی یەکتر رەتدەکەنەوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی هاوکاری ئەمنی کە لە 17ی (نیسان/4)ی 2001 واژۆ کراوە، هەروەها ڕێککەوتنی گشتی ئابوری و بازرگانی و وەبەرهێنان و تەکنیکی، هاوکاری زانستی، کولتوری، وەرزشی و گەنجان کە لە 27ی (ئایار/5)ی 1998 واژۆکراوە".