زایەڵە - وەزارەتی پلاندانانی عیراقی بڵاویكردەوە، لە ساڵ رابردودا 11 هەزار و 523 روداوی هاتووچۆ رویانداوە، ئەوەش لەچاو ساڵی پێشتریشدا ژمارەكە زیادی كردووە، ئامارەكەش هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.
عەبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق لەبایننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، لە ساڵی 2022دا ژمارەی روداوەكانی هاتووچۆ لە عیراق (جگە لە هەرێمی كوردستان) 11 هەزار و 523 روداو بوون لەكاتێكدا ساڵی 2021دا ژمارەی روداوەكان 10 هەزار و 659 بوون.
ئەوەش هاتووە، 3 هەزار و 39یان روداوی سەخت بوون و 8 هەزار و 444یشیان روداوی ئاسایی بوون، ساڵ رابردوو ژمارەی روداەكانی 6.8% زیادیان كردووە و ژمارەی برینداران 12.9% زیادیان كردووە، بەهۆی روداوەكانی ساڵی رابردووەوە 3 هەزار و 21 كەس گیانیان لەدەستداوە كە 2 هەزار و 474یان رەگەزی نێر بوون و 547یان مێ بوون.
هنداوی جەختی لەوەش كردووەتەوە، زۆرترین روداوەكان پێكدادان بوون و دوای ئەویش شێلان و وەرگەڕان و چەندین جۆر روداوی تر، نزیكەی 80%ی هۆكاری روداوەكان شۆفێران بوون و بەشێكیشیان بەهۆی خراپی ئۆتۆمبێل و رێگەوبان و چەند هۆكارێكی تر.