زایەڵە – ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی ئەوروپا نیگەران نییە و ئامادەن کاریان لەگەڵ بکەن ئەگەر "کوێرانە دوای سیاسەتەکانی ئەمریکا نەکەون."
ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی رۆژی سێشەممە 20-03-2023 لە گوتارێکیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بەردەوام لەسەر هێڵی دوژمنایەتی گەلی ئێران بووە و هەوڵی لاوازکردن و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی داوە کە بەردەوام تووشی شکست هاتووە.
ڕێبەری باڵای ئێران هەروەها ڕایگەیاند ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ئەوروپی لە پشت ئاژاوەکانی ساڵی رابردووی ئێران بوون.
ڕاشیگەیاند: وڵاتانی رۆژئاوا ویستوویانە ئێران زیاتر گۆشەگیر بکەن و تەنیا بیهێڵنەوە، ئەو سیاسەتە هیچ ئەنجامێکی نەبووە. ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئاسیا 100٪ پتەوکردووە و بەردەوامیش دەبین، ئەوە لەکاتێکدایە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رۆژئاوا لاواز بووە.
ڕاشیگەیاند ئەوان لە ئەوروپا دڵگران نین و ئامادەن کاریان لەگەڵ بکەن، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتداران و حکومەتەکانی ئەوروپا "کوێرانە دوای سیاسەتەکانی ئەمریکا نەکەون."