زایەڵە - وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت، بەستنى پێوەرى ئاو لە 80 هەزارەوە کەمکراوەتەوە بۆ 20 هەزار دینار لە شارە گەورەکان و 10 هەزار لە قەزا و ناحییەکان، جەختیش دەکاتەوە، دوامۆڵەت بۆ بەستنى پێوەرەى ئاو 21ى مانگى داهاتووە و چیتر نوێ ناکرێتەوە.
وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار لە ئاگادارییەکدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لەسەر داوای وەزارەتمان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر نوێكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی بەستنی پێوەری ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی تاوەكوو ئێستا پێوەریان نەبەستووە، بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا بنكەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان لە پێشوازیی هاوبەشانی ئاودا دەبن بۆ جێبەجێكردنی مامەڵەی بەستنی پێوەری ئاو و بەم شێوەیەى خوارەوە:
1- بەستنی پێوەری ئاو لە سەنتەری شارە گەورەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە 20 هەزار دینار.
2- بەستنی پێوەر لە قەزا و ناحیە و كۆمەڵگەكانی دەرەوەی شارەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە تەنیا 10 هەزار دینار.
3- فەرمانگەكانی تایبەتمەند بە بەستنی پێوەری ئاو، بە هەموو شێوەیەك ئاسانكاری بۆ هاوبەشانی ئاو دەكەن بۆ ئەوەی ئەو ماوەیەی نوێكراوەتەوە لێی سوودمەند بن.
4- پێویستە ئەو هاوبەشانەی پێوەریان نەبەستووە تاكوو 21/4/2023 مامەڵەی بەستنی پێوەر بكەن، ئەگینا دوای ئەو ماوەیەی دیاریكراوە، ناتوانن لە داشكاندنەكەی حكوومەت سوودمەند بن.
5- بڕیارەكە چەند جارێكی تر لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان نوێكراوەتەوە و لە دوای 21/4/2023 چیتر نوێ ناكرێتەوە.
لە ساڵی (2016)ـەوە بە بڕیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم، بڕیاردرا بە دانانی پێوەری ئاو بۆ ماڵان بە مەبەستی رێگریکردن لە بەفیڕۆدانی ئاوی پاک، دواتر بەهۆی قەیرانی داراییەوە پرۆسەکە بۆ ماوەیەک راگیرا، دواجار پڕۆسەکە دەستیپێکردەوە و چەندین جار وادەى کۆتایى راگەیەنرا، بەڵام وەک حکومەت دەڵێت،" لەبەر بەرژەوەندى هاوڵاتیان درێژمان کردووەتەوە.
بەستنى پێوەرى ئاو، سکاڵاو ناڕەزایی لای هاوڵاتیان دروستکردوەو بەشێکی زۆری هاوڵاتیان پێیانوایە، ئەم پرۆسەیە لەبری چارەسەر بارگرانی بۆ دروستکردون، بەجۆرێک کە پێوەرەکە زیاد دەخوێنێتەوەو پارەی زۆریان لەسەر ئەژمار دەکرێت و عەدالەتی تێدا نییە.
کامەران کەریم