حەمەی حاجی مەحمود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست، جەختی لە سەر ڕۆڵی گرینگ و مێژوویی کۆماری ئیسلامی و فۆتۆگرافەر و هەوڵنێرانی ئێرانی لە گەیاندنی هەواڵی کارەساتی هەڵەبجە بە هەموو جیهان کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی حزبی و حكومی، دەزگای هزری شارستانی بۆ یەكەم جار 40 وێنەی سێ فۆتۆگرافەری ئێرانی لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە بڵاوكردەوە كە یەكەم جارە نمایش دەکرێن.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگای وێنەیی تایبەت بە ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست وتارێکی پێشکەش کرد و دەستخۆشی لەو کەسانە کرد کە ئەم وێنانەیان وەکوو ئەرشیڤ پاراستووە .
حەمەی حاجی مەحمود بە ئاماژە بەوەی کە هەندێ لە بریندارەکانی هەڵەبجە نێردرانە دەرەوەی وڵات بۆ بریتانیا و ئەڵمانیا لە کاتێکدا ئەوانیش هاوکاری حکوومەتی ئەو کاتی عێراق بوون و کیمیاییان بە عێراق دا و عێراقیش لە کوردستانی دا وتی: ڕۆیشتنی ئەو بریندارانە بوو کە لە هەموو عالەمدا توانرا بیسەلمێنن کە عێراق کوردستانی کیمیاباران کرد .
ناوبراو سەبارەت بە ڕووماڵی ئەو کارەساتە لە لایەن میدیاکارانی ئێرانەوە وتی: هەوڵنێرانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو تاوانە گەورەیان بە هەموو دونیا گەیاند. ئەوه کاری گرینگ و گەورەی ئەو سەردەمە بوو بۆ ئەوەی ئەو کارەساتە گەورە بە هەموو جیهان بگەیێنن.
وتیشی: ئەگەر ئەو تەنیا ڕێگە و تروسکاییە نەبوایە دەنگی کارەساتی هەڵەبجەش وەکوو ئەنفالەکان خەفە ئەکرا. تا دوای ڕاپەڕین کەس نەیدەزانی لە کارەساتی ئەنفالدا چی ڕووی داوە لە کوردستاندا .
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست پاشان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: لەو سی و سێ ساڵەدا زۆر فرمێسک بۆ هەڵەبجە ڕژاوە و دەبێ فرمێسک ڕژاندن بوەستێتەوە، دەبێ کەیسی هەڵەبجە بکرێتە کەیسێکی گەورە و حکوومەتی عێراق داوای لێبوردن لە خەڵکی هەڵەبجە و لە ئەنفاڵ بکات و دەبێ ئەو کەیسە بگەیێندرێتە لاهە و بگاتە شوێنەکانی تر و بەدوایدا بچین و ئەو کۆمپانیا و وڵاتانەی کە چەکی کیمیاییان بە حکومەتی بەعس داوە بدرێنە دادگا.