زایەڵە - شاندێكی وەزارەتی بازرگانی هەرێم لە بەغدایە و لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق كۆبۆتەوە و بڕیار دراوە لە سەر وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بۆ ئەمساڵ و ناردنی شایستەی دارایی بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتەكە و ڕێكخستنی دابەشكردنی باشتری بەشەخۆراك.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، شاندێكی وەزارەتەكە بە سەرۆکایەتی کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی سەردانی چوونەتە بەغدا بەمەبەستی چاەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بەبازرگانی و پیشەسازی لەنێوان هەردوولا.
ڕاشیگەیاندووە، لەگەڵ وەزیر و بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی بازرگانی عیراق کۆبوونەوە لە چەند تەوەرێکی گرنگ کرد.
وەك وەزارەتی بازرگانی هەرێم ئاشكرای كردووە، تەوەری گفتوگۆكان بریتی بوون لە:
1- ئامادەسازییەکان بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی نوێ.
2- شایستەی فەرمانبەرانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی.
3- یەکخستنی مۆڵەتی هاوردە و ناردن و پێشانگاکان.
4- باشترکردنی پڕۆسەی دابەشکردنی بەشەخۆراک بەسەر هاووڵاتیان.
جەختیشی كردۆتەوە، پاش ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر ئەم بابەتانە بڕیاری پێویست وەرگیرا و بڕیاریشە چەند لیژنەش بۆ بەدواداچون و جێبەجێ کردنیان پێکبێت.