زایەڵە - سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ‏ئەگەر بە بەڵگە بۆیان سەلمێندرا کە توركیا هێرشی سەر فڕۆكەخانەی ‏سلێمانی کردووە، ئەوا داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەكەن باڵیۆزی توركیا بانگهێشت بکات و نامەی ناڕەزایی ‏پێبدات.

دیلان غەفوور، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی ‏عێراق ئەمڕۆ شەممە، 08-07-2023، ڕایگەیاند؛ ئەوان چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە ‏هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكەن ‌و گوتی: "لە هەر سێ‌ ‏لیژنەی بەرگری ‌و دەرەوە‌ و گواستنەوەی پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی ‏هاوبەش پێکهێندراوە. ئەو لیژنەیە بەدواداچوون بۆ هۆكاری هێرشەكەی ‏سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكات".‏

 سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی ‏خستەڕوو کە ئەگەر بە بەڵگەوە سەلمێندرا توركیا لە پشت ئەو ‏هێرشەوەیە، ئەوا "وەك لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ‏داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەكەین بانگهێشتی باڵیۆزی توركیا ‏بكات ‌و بەفەرمی نامەی ناڕەزایی پێبدات".‏

 ئێوارەی رۆژی هەینی وێنەی دووكەڵی ئاگرێك لە نزیك فڕۆكەخانەی ‏سلێمانی بڵاوبووەوە، سەرەتا بەرپرسانی فڕۆكەخانە و ئاسایش ‏رایانگەیاند، "هیچ رووینەداوە و ئاگرێكی ئاسایی بووە". دواتر ‏بڵاوكرایەوە كە هێرشی درۆنی بووە.

 بەپێی زانیارییە بە فەرمی رانەگەیێندراوەكان، ئەو رووداوە بەهۆی ‏ئەوە بوو كە شاندێكی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرۆكایەتیی ‏مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ‏سلێمانی بوو، بەڵام بەپێی زانیارییەكان مەزڵووم ‏عەبدی سەلامەتە .