زایەڵە - عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەزایەڵەی ڕاگەیاند، لە بنەمادا بە شێوەیەکی گشتی لە هەموو کوردستاندا کێشەی خراپی خزمەتگوزاری تەندروستی هەیەو ڕۆژ بە ڕۆژ خزمەتگوزاری تەندروستی بێ بەرانبەر لە پاشەکشەدایە، بەڵام کێشەی نەخۆشخانەکانی سنوری سلێمانیو گەرمیانو ڕاپەڕینو هەڵەبجە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، بەهۆی خەرجنەکردنی پارە بۆ کۆمپانیاکانی دەرمان، بەجۆرێک ئیتر کۆمپانیاکانی دەرمان ئامادە نین دەرمانو پێداویستی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکان دابین بکەن.لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەم کێشەیەمان وەک سکاڵایەک خستە بەردەم دادگا لە شاری سلێمانی، پاشان وەک بەشێک لە پڕۆسەی دادبینی بەڵگەی پێویستمان پێشکەشکرد، دواتریش چەند گەنجێکی دڵسۆز ئامادەی گەواهیدان شاهیدیدان بوون لەسەر کێشەکە، بەهیوام ڕێڕەوی بینینی ئەم داوایە لە قازانجی خەڵکو نەخۆشەکان بێتو ببێتە هۆی کۆتایهێنان بەم دۆخە خراپەی نەخۆشخانەکان ڕووبەڕووی بوونەتەوە.
وتیشی، پێویستە لایەنەکانی دەسەڵات تێبگەن کە سیاسەتی چەوتی ئەوان تەنها یارییەکی مناڵانە نیە، بەڵکو مەترسی لەسەر ڕۆحی هەزاران هاووڵاتی دروستکردووە کە ڕۆژانە پێویستیان بە نەخۆشخانەی هیواو نەخۆشخانەکانی ترە، بەتایبەت نەخۆشێکی هەژار ڕوو لە کوێ بکات کاتێک دەرگای نەخۆشخانەی حکومی بە ڕوودا دادەخرێت، پارەو سەروەتو سامانی کوردستان هی هەموو خەڵکی کوردستانەو پێویستە بەشێوەیەکی دادگەرانە دابەشبکرێت بەسەر خزمەتگوزارییو بوارە جیاجیاکانو پارێزگاکانداو یاسا بنەمای مامەڵە بێت نەوەک سیاسەتی چەوت.
کامەران کەریم