زایەڵە - له‌ ئه‌نفال و جینۆسایدی كورد به‌ گشتی, به‌ ئازارتر :  ده‌سه‌ڵاتی كوردییه‌ كه‌ به‌ كورتبینیی و نه‌زانیی یا چه‌ته‌یی كه‌یسی ماف و خوێنی شه‌هیدانی هه‌ڕاجكردووه‌ , له‌ كاتێكا ده‌یتوانی بیكاته‌ بنه‌مای به‌ده‌ستخستنی كۆی مافه‌كان.

له‌ویش به‌ ئازارتر , به‌ناو ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی و ده‌زگای ئه‌كادیمی و ڕۆشبیرییه‌ كه‌ كاریان به‌لاڕێدابردن و له‌باربردنی  یان ڕاستتر بڵێم ئه‌نفالكردنی هه‌ر جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی به‌رهه‌مداره‌ .
دیققه‌تی ئه‌م چه‌ند زانیارییه‌ بده‌ن كه‌ گوشراوی ڕیسێرچی زانستی , ئه‌كادیمی و پسپۆڕی یاسا و جینۆسایدی كورد د.ئاواره‌ حسێن-ن , به‌ هیوام گه‌لی كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و خۆپه‌رست و بێ سترایژانه‌ی سه‌ره‌وه‌ , ئازاره‌كانی بكاته‌وه‌ بنه‌مای هۆشیاری و گێڕانه‌وه‌ی كه‌رامه‌تی :
-له‌ ٢٠١٣/٤/٢٣ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان  یاسایه‌ك ده‌رده‌چێت و له‌ ٢٠١٣/٥/٥ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمی ئه‌وكاته‌وه‌ په‌سه‌ند ده‌كرێت كه‌ به‌وپێیه‌ یان به‌پێی ئه‌و یاسایه‌  كه‌ ناوی یاسای دیاریكردن و وه‌رگرتنی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ داهاته‌ فیدراڵییه‌كان: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێی لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ , زیانه‌كانی گه‌لی كورد له‌ ساڵی ١٩٦٣ بۆ ٢٠٠٣ ده‌خه‌مڵێنێ كه‌ ڕژێمی ئێراقی له‌ كوردی داوه‌ , واته‌ ماوه‌ی چل ساڵ....
- دواتر لیژنه‌ بڕی زیانه‌كان به‌ ٣٨٤,٦٩٨,٣٠٢,٦٠٠ واته‌ به‌ سێسه‌دو هه‌شتا و چوار ملیارد و شه‌شسه‌د و نه‌وه‌د و هه‌شت ملیۆن و سێسه‌د و دووهه‌زار و شه‌شسه‌د دۆلار ده‌خه‌مڵێنێت !!!.
-دواتر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و یاسایه‌ ,بڕیاری ٩٨٠ ی له‌ ڕێكه‌وتی ٢٠١٣/٨/٦ ده‌رده‌كات كه‌ به‌پێی ئه‌و بڕیاره‌ : داوا ده‌كات له‌ حكومه‌تی ئێراقی له‌ ماوه‌ی ٩٠ نه‌وه‌د ڕۆژ!!! به‌ڵێ  ته‌نیا نه‌وه‌د ڕۆژ , به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ زیان لێكه‌وتووانی هه‌رێم قه‌ره‌بوو بكات  , ئه‌گه‌ر نا  , ئه‌گه‌رنا  حكومه‌تی هه‌رێم مافی هه‌یه‌  نه‌وت و گازی سروشتی خۆی بفرۆشێت و له‌و پاره‌ی نه‌وته‌ قه‌ره‌بووی زیان لێكه‌وتووان بكاته‌وه‌ و به‌و پێیه‌  (واته‌ هه‌ر به‌پێی ئه‌و بڕیاره‌) حكومه‌تی هه‌رێم به‌رپرسه‌ له‌وه‌ی له‌ ماوه‌یه‌كدا كه‌ كه‌متر نه‌بێت له‌ مانگێك و زیاتر نه‌بێت له‌ پێنج ساڵ  قه‌ره‌بووی زیان لێكه‌وتووانی بكاته‌وه‌ ...
-دیقه‌ت بده‌ن : حكومه‌تی هه‌رێم خوێنی شه‌هیدان ده‌كاته‌ بیانووی فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆی نه‌وت  بۆ قه‌ره‌بوویان... 
-خه‌ڵكی جینۆسایدكراو ده‌بێت له‌لایه‌ن بكه‌ره‌كانییه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكرێت نه‌ك ئه‌م به‌لاڕێبردن و هه‌ڵه‌ ئه‌نقه‌سته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ كردوویه‌تی.
- به‌پێی ئه‌و یاسا و ڕاستییانه‌  ئێستا ده‌بوو حكومه‌تی هه‌رێم قه‌ره‌بووی زیان لێكه‌وتووانی بكردایه‌ته‌وه‌  , به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌یادی كیمیاباران و ئه‌نفالدا فێری كۆمه‌ڵێ ڕسته‌ی سواو بوون كه‌ :حكومه‌تی ئێراقی پێویسته‌ قه‌ره‌بووی جینۆسایدی كورد بكاته‌وه‌...شه‌رم له‌ خۆتان بكه‌ن , پتر له‌ سیی ساڵه‌ چیتان بۆ ئه‌م كه‌یسانه‌ كردووه‌ جگه‌ له‌ به‌لاڕێدابردن .