زایەڵە -ئەمڕۆبەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەڵەبجە لە یادی ٣٥ ساڵەی تاوانی ئەنفالدا ، مەراسیمێکی رێزلێنان لە قوربانیانی ئەو تاوانە بە ئامادەبوونی بەشێك لە ئەنفالکراوانی ھەڵەبجە و نوێنەرانی حیزبی و حکومی و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان ڕێکخست .
سەرەتای مەراسیمەکە ھەمووان ساتێك بۆ گیانی پاکی شەھیدانی تاوانی ئەنفال و تەواوی شەھیدانی کوردستان بەبێدەنگی وەستان .
پاشان کامەران مستەفا بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەڵەبجە لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە تاوانی ئەنفال یەکێکە لەو زنجیرە تاوانەی رژێمی لەناوچووی بەعس بۆ قڕکردنی گەلی کورد ئەنجامیدا و بە ھەموو پێوەرە نێودەوڵەتیەکان و بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق تاوانی جینۆسایدە .
دواتر داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد تاوانی ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجە و تاوانی زیندەبەچاڵکردنی بارزانیەکان و تەواوی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس دەرحەق بە گەلی کورد بە جینۆساید بناسێنن ، تاوەکو جارێکی تر تاوانی لەو شێوە بەرامبەر کورد و ھیچ نەتەوەیەکی تر ئەنجام نەدرێت .
داواشی لە حکومەتی عێراق کرد کە میراتگری حکومەتی پێشوە ، وەك ئەرکێکی یاسایی پێویستە قەرەبوونی قوربانیانی تاوانی ئەنفال و ھەڵەبجە و سەرجەم تاوانەکانی دیکە بکاتەوە و خزمەتگوزاری پێشکەش ئەو شوێنانە بکات کە بەھۆی تاوانەکانی رژێمی بەعسەوە زیانیان بەرکەوتووە .
لەھەمان کاتدا داوای لە حکومەتی ھەرێم و حیزبە سیاسیەکانی ھەرێم کرد ، لەئاست خزمەتکردنی ئەنفالکراوان و کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و قوربانیانی تاوانەکانی دیکەی رژێمی بەعس ، کێشەکانیان وەلا نێن و ھەموو ھەوڵێك بۆ خزمەتکردنیان بدەن ، چونکە کێشە سیاسیەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر خزمەتکردنی قوربانیانی تاوانەکانی رژێمی بەعس لەلایەك و کاڵبوونەوەی ئەم تاوانانە لە بیری ھاوڵاتیاندا لەلایەکی ترەوە دەبێت .
دواتر ئامادەبووانی مەراسیمەکە تاجەگوڵینەی رێز و وەفایان لەبەردەم پەیکەری ئەنفال دانا .
شاری ھەڵەبجە سەرەڕای کیمیابارانی ئەو شارە خاوەنی زیاتر لە ١٦٠٠ ھاوڵاتی ئەنفالکراوە و خاوەنی زیاتر لە ١٧٠ شەھیدی ئەنفالە ، کە لە قەڵای ترسناکی نوگرەسەلمان شەھید بوون .
کامەران کەریم