زایەڵە - لە ٣٥ هەمین ساڵیادى تاوانى ئەنفالدا ئەنجومەنی باڵای كۆمه‌ڵی دادگەریی كوردستان ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند: ئەگەر حکومەتى هەرێم وەک پێویست خاوەندارێتى لە کەیسى ئەنفال بکردایە، ئێستا عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش بەشێک لە بەرپرسیارێتییان دەکەوتە ئەستۆو ده‌بوو به‌ئه‌ندازه‌ی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه قه‌ره‌بووی كاسوكاری ئه‌نفالیان بكردایه‌ته‌وه.
ئەمەش دەقى ڕاگەیەندراوەکەیە:
بسم الله الرحمن الرحیم
سی و پێنج ساڵ به‌ر له‌ئێستا، ڕژێمی به‌عس به‌مه‌رامی سڕینه‌وه‌ی شوناسی نه‌ته‌وه‌یه‌ك و لەژێر ناوی شاڵاوەکانی بەناو ئەنفال، گه‌وره‌ترین تاوانی به‌رانبه‌ر گه‌لەکەمان ئه‌نجام دا، کە تیایدا ده‌یان هه‌زار مرۆڤی كورد بە زوڵم و ناهەق كرانه قوربانی، لەڕاستیشدا کارەساتەکە جینۆسایدی گه‌لێك بوو كه تاوانی هەر ئەوە بوو داوای مافی چارەنووسی خۆی دەکرد.
كاره‌ساتی ئه‌نفال هیچی كه‌متر نییه له‌و جینۆساید و تاوانکارییە دزێوانه‌ی له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ڕوویان داوه، به‌ڵكو جینۆسایدی كوردان گه‌وره‌تر و كاره‌ساتبارتر بوو، به‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ساته له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌پاش ڕاگه‌یاندنی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤ ڕوویدا.
ئێمە لەکاتێکدا یادی ئەم خەمە گەورەیە دەکەینەوە، ئەوە وەبیر دێنینەوە حكومه‌تی هه‌رێم بە 32 ساڵ حوکمرانی و تا ئێستاش نه‌یتوانیوە ئه‌م كاره‌ساته گه‌وره‌یه به جیهان بناسێنێ و بیباته نێو مه‌حفه‌له نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، نه‌یتوانیوە به‌و ھەموو ئیمکانیاتەی بەردەستی وه‌ك پێویست به هانای كه‌سوکاری ئه‌نفالكراوانه‌وه بچێت و گوزه‌رانیان باش بكات، حكومه‌تی هه‌رێم نه‌یتوانی وڵاتیان بۆ ئاوه‌دان بكاته‌وه و سیمای به‌عس و داگیركاری به‌سه‌ر خاكیانه‌وه بسڕێتەوە، تەنانەت حكومه‌تی هه‌رێم نه‌یتوانی بودجه‌یه‌ك ته‌رخان بكات به‌مه‌به‌ستی ئەنجامدانی توێژینه‌وه و لێكۆڵینەوەی زانستی له‌سه‌ر كاره‌ساتی بەناو ئه‌نفال.
بەپێچەوانەوە ئەم دەسەڵاتە حیزبییە تەنانەت وای لە قوربانیان کردووە یادکردنەوەی کارەساتەکەش ڕەت بکەنەوە، چونکە یادەکەش بەحیزبی دەکرێت و بەڵێنی بێ کرداری تێدا دەدرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەم کارەساتە گەورەیە گه‌ر وه‌ك پێویست كاری دروست و دڵسۆزانه‌ی بۆ بكرایه، نه‌ك هه‌ر ده‌بووه مەیدانی خزمه‌تی گه‌وره بە کەسوکاری ئه‌نفال، به‌ڵكو دۆسیەی كوردی وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێده‌وڵه‌ت چه‌ندان هه‌نگاو ده‌برده پێش.
گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم خاوه‌ندارێتیی وەک پێویستی ئه‌نفالیان بكردایه، نه‌ك هه‌ر حكومه‌تی عێراق، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش له‌به‌رانبه‌ر بێده‌نگبوونی له‌ئاست گەورەیی کاره‌ساته‌کەی کۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، به‌شێك له به‌رپرسیارێتیی ده‌كه‌وته ئه‌ستۆ و ده‌بوو به‌ئه‌ندازه‌ی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه قه‌ره‌بووی كاسوكاری ئه‌نفالی بكردایه‌ته‌وه.
له ساڵیادی ئه‌م كاره‌ساته گه‌وره‌یەدا، سڵاو و داوای لێخۆشبوونی خوایی بۆ گیانی قوربانیانی كاره‌ساتی بەناوئه‌نفال، سڵاو له خۆڕاگریی كه‌سوکاری سەربەرزی ئه‌نفالكراوان، بڕووخێت سته‌م و نادادی.
ئەنجومەنی باڵای كۆمه‌ڵی دادگەریی كوردستان
٢٠٢٣/٤/١٤