زایەڵە - وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارڕایگەیاند، ڕەزامەندی خەرجكردنی گوژمەی نزیكەی 200 ملیۆن دیناری دا بە مەبەستی نۆژەنكردنەوەی كۆشكی مەجید پاشای بابان لە شاری كفری.
بەپێی فەرمانێكی وەزاری، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی (199،305،000) سەد و نەوەد و نۆ ملیۆن و سێسەد و پێنج هەزار دینار لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپوور بە مەبەستی نۆژەنكردنەوەی كۆشكی مەجید پاشای بابان لە شاری كفری.
ئەو كۆشكە یەكێكە لە شوێنە كەلەپوورییە دێرینەكانی سنوورەكە و جێی بایەخی خەڵكی دەڤەری گەرمیان و گەشتیارانە، هاوكات ئەو پرۆژەیە دەبێتە هۆی پاراستنی بیناسازی كۆن و شوێنە كەلەپوورییەكانی هەرێمی كوردستان.
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بایەخێكی زۆر بە شوێنە شوێنەواری و كەلەپوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەدات و نۆژەنكردنەوەی كۆشكی مەجید پاشای بابانیش یەكێكی ترە لە بایەخدانەكانی حكوومەت بە سێكتەری شوێنەوار و كەلەپوور لە هەرێمی كوردستان.
کامەران کەریم