زایەڵە - شارەزایەکی کەشناسی هۆشداری لەبارانبارینی بە لێزمە دەدات و دەڵێت "ئەگەری بارانی بەلێزمە و هەورە بروسکە هەیە و لە هەندێک کاتیش تەرزە دەبارێت و لە هەندێک شوێنیش ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە".
محەمەد کەمال، لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە کە یەكشەممە (ئەمڕۆ) بەھۆی ھاتنی بڕێك شێ و گەیشتنی نزمە پاڵەپەستۆیەك لە دەریایی سورەوە ئەگەری تاوە بارانی بەھاری ھەیە لەگەڵ ڕوودانی ھەورە بروسكە و ھەندێك كاتیش تەرزەی لەگەڵ دەبێت.
دەشڵێت:” سەرەتا لە ناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای كەركوك و پارێزگای ھەڵەبجە و پاشان بە شێوەی لاواز ناوچە شاخاوییەكانی باكوری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەكانی ڕانیە و سۆران بەشێك لە ناوچە سنورییەكانی باكوری پارێزگای دھۆكەوە دەستپێدەكات و دواتر درەنگانی شەوی یەكشەممە بەھۆی ھاتنی شەپۆلێك لە دەریایی ناوەڕاست بۆ ناوچەكە ئەگەری لێزمەباران زیاتر دەبێت سەرەتاش لە سنوری پارێزگای دھۆك و باشوری پارێزگای موسڵ و پارێزگای ھەولێرەوە دەستپێدەكات بە شێوەی تاوەبارانی بەھاری لەگەڵ بروسك و ھەندێك كاتیش تەرزەی لەگەڵ دەبێت”.
راشیگەیاندووە، دواتر لە كاتەكانی نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە بەدواوە ئەگەری ھەیە ھەموو كوردستان بگرێتەوە واتا سەرتا سەری دەبێت، بەڵام لە ھەندێك ناوچەی باشوری پارێزگاكانی كەركوك و ئیدارەی گەرمیان تەنھا بارانی ئاسایی یاخود نمە باران دەبێت
باسی لەوەشکردووە کە ئەگەری ھەیە ئەم شەپۆلە ھەندێك كات ببێتە ھۆی لافاوی كتوپڕ لە چەم و دۆڵ و نزماییەكان بەتایبەت ناوچە شاخاوییەكانی سلێمانی و ڕاپەڕین و ھەولێر و سۆران بەشێكی باكوری دھۆك و موسڵ .
ئەم شارەزایە ووتیشی"ئەم شەپۆلە ھەندێ كات بروسكەی توندیشی لەگەڵ دەبێت بۆیە وا باشترە دوور بكەونەوە لە ستونەكانی كارەبا و شوێنە بەرزەكان و دەشتاییە بەرینەكان بەتایبەت شوانكارەكان ، وە لەكاتی گەیشتنی شەپۆلی بروسكاوی خۆتان بپارێزن بە مانەوەتان لە ماڵ و باڵەخانەكاندا ھەتا شەپۆلەكە تێدەپەڕێت”.