زایەڵە - 763 هەزار تۆن كاڵا و شتومەك بە بەهای 300 ملیۆن دۆلار لە دەروازەی بازرگانیی حاجی ئۆمەرانەوە هەناردەی هەرێمی كوردستان كراوە.
بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی بازرگانی تەمەرچین، ئامارەكانی 12 مانگی كۆتایی تاوەكو وەرزی بەهاری ئەمساڵی پەیوەست بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەروازەكە، بە بەراورد بە 12 مانگی پێشووتر، ئاشكرا دەكات.
عەلی ئەكبەر ئەشرەفی، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی بازرگانی تەمەرچین ، كە دەروازەی بازرگانی حاجی ئۆمەرانە و لە ئێران بەو ناوە ناسراوە، ڕایگەیاندوە، كەرەستەی بیناسازی، سیرامیك و كاشی، خۆڵی ئاسن، پۆڵا، میوە و سەوزە لەو كاڵا و شتومەكی سەرەكین كە لەو دەروازەیەوە هەناردەی هەرێمی كوردستان كراون.
بە وتەی ئەشرەفی، لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بە بڕی 64 ملیۆن دۆلار كاڵا لە هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی ئێران كراوە، كە 32 هەزار تۆن كاڵای كارەبایی وەك كەرەستەی ناوماڵ، بەفرگر و ساردكەرەوە بوون.
بەپێی گومرگی ئێران، هەناردەی كاڵا لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئێران لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا لەرووی كێشەوە بەرێژەی 32٪ و لەرووی بەهاوە بەرێژەی 4٪ دابەزیوە، هەروەها لەو ماوەیەدا 543 هەزار تۆن كاڵا بە بەهای 1.9 ملیار دۆلار لەو دەروازەیەوە ترانزێت كراوە، كە لەڕووی كێشەوە 110٪ و لەڕووی بەهاوە 2٪ بەرزبووەتەوە.
باس لە ئەوەش كراوە، لە ماوەی 12 مانگدا، 672 هەزار گەشتیار لەنێوان ئێران و هەرێمی كوردستان گەشتیان كردووە، كە بەراورد بە 12 مانگی پێشووتر، رێژەكە 88٪ بەرزبووەتەوە، بەوپێیەش تێكڕا ڕۆژانە زیاتر لە 1800 گەشتیار لەو دەروازەیە گەشتیان كردووە.