زایەڵە - عەلی حاجی زەڵمی ئەندامی ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی بە زایەڵەی ڕاگەیاند، زۆر جار لێرەو لەوێ زاراوەی تایفەگەری و جەنگی تایفە گەری لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنەكانەوە بڵاوكراوەتەوە كە بریتیە لە جەنگێكی تەعەسوب گەری و بەشێكە لە ڕەگەز پەرستی هەندێك لە دژی هەندێكی تر . ئەم ڕەگەز پەرستیەش دەبێتە هۆی لێك ترازاندنی پێك هاتەی كۆمەڵگە وهەڵوەشاندنەوەی پەیوەندیەكۆمەڵایەتیەكان و تێك دانی باری ئاسایشی گشتی یەك نیشتمان . دواتریش بەشێكی گەورەی ژیانی پێكەوە بوون و پێكەوە ژیان دەخاتە مەترسیەوە بەهای جیۆپۆلینیكی دانیشتوان كە بەڕەگەزێكی گەورەی سامانی سروشتی و نەتەوەی هەژمار دەكرێن لەدەست دەوڵەت و حكومەت دەردەچێت و وزەو تواناكانی بەرهەم هێنان و پێكەوە نانی هێزی سەربازی لەدەست دەدرێن و دەوڵەت و حكومەت بەرەوهەڵوەشاندنەوە دەبات و سەنگی سیاسی حكومەت و دەسەڵات لەبار دەبات . جا ئەگەر بەو پێودانگە سەیری ئێراق بكەین ئەوا دەیان ڕواڵەت و شێوەی ئەم دیمەن نەگریسە بەرچاو دەكەوێت و كوشتن لەسەر هەویەش نمونەیەكی زەقی ئەم دیاردە بوو كە لەئێراقی بەدیموكراتی كراوی ژێر دەسەڵاتی ئەمەریكا دا دەبینرا.
وتیشی، بەهەرحاڵ ئەوەی من دەمەوێت لێرەدا ئاماژەی پێ بدەم گێرانەوەی چیرۆكی ئەو چەند ساڵەی پێشووی ئێراق نیە و بەڵكو بریتیە لە ڕاگەیاندنی ئەو لیست و قەوارانەی كە بەرگێكی بەناو دیموكراتیان بەبەردا كراوەو. ئەگەر سەرنجی پێك هاتەكانی هەریەكە لەلیست و قەوارە پێك هێنراوەكانی ئەم دواییەی گۆڕەپانی ئێراق بدەین و لە گۆشە نیگای جوگرافیای سیاسیەوە توێژینەوەیان بۆ بكەین ئەوا هەمان دیاردە ناشیرینەكەی ساڵانی ڕابردوو بەڵام ئەم جار لەبەرگێكی تردا دەبینینەوە. ڕەنگە ئەم جارەیان جەنگ كۆڵانەكانی بەغداد نەگرێتەوە ، ڕەنگە ئەم جارە جەنگ لەسەر تایفەی سونەو شیعە نەبێت ، ڕەنگە ئەمجارە عەرەبە چاوڕەشەكان نەبنە ئامانجی یەكتری و یەكتر بۆ ژێر چەقۆی یەكتر كێش نەكەن ، بەڵكو بو پێچەوانەوە دژەكانی دوێنێ، ئەمڕۆ ببنە دۆستی یەكتر و ڕووبەڕووی گەلێكی بێ شوانی لێك دابڕاوی وەك كورد ببنەوە . ڕەنگە جەنگی ئەم جارە شەكی نێری كورد بێت بۆ ژێر قەنارەی قەسابی عەرەب .
هێمای بەوەشکرد، ئێمەی كوردیش بەسیاسەتی نەعامەوە سەیری پێشهات نوێێەكان دەكەین . هەنگاوەكانی سیاسیەكانی كورد ئەوەندەی بەرەو لێك ترازاندنی زیاتر ئەڕۆن نیو ئەوەندە بەرەوە یەكگرتن ناچن . تاكو ئێستاش لێدوانی سیاسی كورد كە هەردوو حیزبی باڵادەست نوێنەرایەتی دەكەن پێچەوانەی یەكترە . لەلایەكی ترەوە بۆرجواكانی دەسەڵاتی كوردیش لە توانایدا نیە باوەش بۆ وەردە بۆرجواكانی تر بكاتەوە ، هەریەكە لەو وردە بۆرجوایانە هەڕەشەی پارچە پارچە كردنی دەسەڵاتی كوردی دەكەن ، ڕەنگە تا ڕادەیەكیش هەوڵەكانیان بە بۆچوونی خۆیان بەئاراستەی ڕاست بڕۆن چونكە بۆرجواگەورەكان ڕێگا نادەن بۆرجوا بچوكەكان پڕ بەسنگی خۆیان هەناسە بدەن ، ئەوەی تا ئێستا لەم دەسەڵاتە بینراوە بریتی بووە لە وەی كە حیزبە بچوكەكانیان كردووە بە پرد بەسەریاندا پەڕیونەتەوە بۆ گەیشتن بەئامانج و مەبەستی خۆیان .لێرەدا كۆمەڵێك پرسیار دێتە پێشەوە دەپرسن ،كە ئایا ئەم ڕەوشە لە بەرژەوەندی كورد دایە یان نا؟ ئایا تاكەی سیاسیەكانی كورد بیر لە یەك وتاری سیاسی ناكەنەوە ،ئایا تاكەی ماڵی كورد بە پەرشوو بڵاوی بمێنێتەوە ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە كە یەك دەست و یەك هەڵوێست بین بەرانبەر بە كێشەكانی گەل ؟ ئایا تاكەی ڕۆڵەكانی گەل چاو لەو چەواشە گەریە دەنوقێننن كە دەسەڵاتی كوردی دروستی كردووە كورد نابینێت نابیستێت كە دژەكانی وا خەریكی خۆ ئامادەكردنن بۆ جەنگی كۆتایی ئایا كوردو سیاسەكانی بێ ئاگان لە نیازە شاراوەكان ئەوەی ماوە لێرەدا بگوترێت ئەوەیە كە مەترسیەكان بەڕێوەن و جەنگی ئەم جارەی تایفەگەری لە ئێراقدا شەڕی جادەكانی شاری بەغداد نیە بەڵكو جەنگی كەركوك و موسڵ و خانەقین و ناوچەكانی تری كوردستانە و بەدوریش نازانرێ سەری هەولێر و ناوچەكانی تریش بخوات و ڕۆژانی داهاتووش وڵامی پرسیارەكان بە ڕوونی دەداتەوە.
کامەران کەریم