زایەڵە - پۆلیسی سلێمانی ئاشکرایکرد، بەتۆمەتی فێڵکردن و دەستبڕینی کەسانی بەتەمەن و خانەنشینان، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دەربەندیخانی سەر بەبەشی پۆلیسی دەربەندیخان تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد.
دوای تۆمارکردنی چەند سکاڵایەکی یاسایی لەلایەن ژمارەیەک ھاوڵاتی بەتەمەن و خانەنشینەوە کە لەکاتی وەرگرتنی مووچەکانیاندا تۆمەتبارێک فێڵی لێکردوون و فریویداون و بەبیانووی جۆراوجۆر پارەی لێ سەندوون، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد.
سەرەنجام توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دەربەندیخانی سەر بەبەشی پۆلیسی دەربەندیخانەوە دەستگیربکرێت.
لەکاتی دەستگیرکردنیدا دەستیشگیرا بەسەر ئوتۆمبێلی تۆمەتباردا کە بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ھەبووە.
تۆمەتبار (ھ، ع، م) دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٥٦ لەیاسای سزادان ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.
کمەران کەریم