زایەڵە - ئایەتوڵڵا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران و د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق كۆبونه‌وه‌ و له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌یان ئاشكراكرد، هه‌ردولا جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان به‌غدا و تاران كرده‌وه‌.
ئایەتوڵڵا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران له‌سه‌ره‌تای كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا رایگه‌یاند، "په‌یوه‌ندی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ عێراق له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مو گه‌لانی ناوچه‌كه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مریكا له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتان ته‌نها بیری له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌كاته‌وه‌، ئێمه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ عێراق قوڵ و مێژوییه‌ و ده‌مانه‌وێت ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ درێژه‌ پێبده‌ین".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئێستا بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ و جیهان رونه‌ كه‌ ئێران له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ی به‌رگریدایه‌ له‌ دژی مادده‌ی هۆشبه‌ر و قوربانی زۆری داوه‌ و رۆژێك به‌ ئه‌وروپیه‌كانم وت ئه‌گه‌ر ئێران رێگری له‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر نه‌كات ئه‌وا مادده‌ی هۆشبه‌ر هه‌مو ئه‌وروپا ده‌گرێته‌وه‌، بێگومان وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ده‌بێت هاوكاریه‌كی راسته‌قینه‌ بكه‌ن بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تاوانه‌ رێكخراوه‌كان به‌تایبه‌تی مادده‌ی هۆشبه‌ر، زۆرجار وتومانه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ئه‌ركییه‌تی پشتویانی بكات و ئێستا له‌ چوارچێوه‌ی قسه‌دا پشتیوانی ده‌كات به‌ڵام پشتیوانی راسته‌قینه‌ی ئێران نیه‌".
په‌یوه‌ست به‌ كێشه‌ی ئاو، سه‌رۆك كۆماری ئێران وتی، "وڵاتانی ناوچه‌كه‌ هه‌ندێك مافیان له‌ پێدانی ئاو بۆ دیاریكراوه‌ و پێویسته‌ پێوه‌ی پابه‌ندبن، ئێمه‌ له‌ په‌یوه‌ندی له‌ مافی كۆماری ئیسلامی جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كه‌ینه‌وه‌ و پێمانوایه‌ پێویسته‌ مافی ئاو له‌ په‌یوه‌ندی به‌ رێككه‌وتنه‌كانی دیكه‌ رێزی لێبگیردرێت، هه‌روه‌ك كه‌ ئێران پێداگیری ده‌كات كه‌ سود له‌ ئاوی ئه‌ڵوه‌ند وه‌ربگرێت ئه‌وا ئه‌و مافه‌ بۆ عێراقیش پارێزراوه‌ و ده‌بێت وڵاتانیش به‌ رێككه‌وتنه‌كان پابه‌ندبن بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ دروستنه‌بێت". 
لایخۆیه‌وه‌ د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق له‌ كۆنگره‌كه‌دا رایگه‌یاند، "سوپاس و پێزانین خۆمان بۆ بانگهێشتكردنمان بۆ سه‌ردانی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌خه‌مه‌ڕو، ده‌مانه‌وێت خۆشحاڵی خۆمان بخه‌ینه‌ڕو كه‌ جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌ په‌یوه‌ندی دێرین و مێژویی كه‌ په‌یوه‌ندی هه‌ردو گه‌لی عێراق و ئێران به‌په‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ ته‌نها به‌ دامه‌زراوه‌كانی هه‌ردو وڵاتمان نه‌به‌ستراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ هه‌مو لایه‌نه‌كانه‌وه‌یه‌ چونكه‌ ئێمه‌ په‌یوه‌ندی مێژویی و جوگرافی هاوبه‌شمان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ سه‌رباری نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌ی جیاواز، هه‌روه‌ها بازرگانی و هاوبه‌ش و په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی هاوبه‌ش ده‌مان به‌ستێته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ئه‌م راستیانه‌ رونن كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان ئێمه‌ و كۆماری ئییسلامی ئێران جێگیر و نه‌گۆڕه‌".
د. لەتیف رەشید وتیشی، "ته‌ماشكردنی ورده‌كاری په‌یوه‌ندی مێژویی نێوان ئێران و عێراق پێویستی به‌كاتێكی زۆره‌، گه‌لی عێراق ناسراوه‌ به‌ دڵسۆزییه‌كه‌ی و هه‌رگیز پاڵپشتی گه‌لی ئێرانی له‌ بیرنه‌كردوه‌، ئه‌و ده‌مه‌ی كه‌ له‌ژێر نه‌هامه‌تی سته‌م و دڕنده‌یی و دیكتاتۆریه‌تدا ده‌ژیاین ئه‌و ده‌مه‌ ده‌رگاكانی به‌ڕوی هه‌مو پێكهاته‌ و نه‌ته‌وه‌كان كردوه‌ به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵهاتن له‌ سته‌م و سته‌مكاری دیكتاتۆریه‌ت".
وتیشی، "هه‌روه‌ها عێراق گرنگیدانی ئێران بۆ كوردان له‌بیر ناچێته‌وه‌، ئه‌وده‌مه‌ی كه‌ روبه‌ڕوی هێرشی چه‌كی كیمایی بونه‌وه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، دوایین هاوكاری ئێران كه‌ پاڵپشتیكردنی ئێمه‌ بو له‌ شه‌ڕكردن دژی رێكخراوی داعش، په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردو وڵات جێگیر و تۆكمه‌یه‌ و رۆژ دوای رۆژبه‌هێزتریش ده‌بێت له‌سه‌ر شانی ئێمه‌یه‌ كه‌ له‌هه‌مو بواره‌كاندا به‌هێزتری بكه‌ین له‌نێویاندا چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ هه‌ن هه‌روه‌ها له‌به‌رچاوگرتنی پشكی عێراق له‌ ئاو به‌تایبه‌ت زۆربه‌ی كه‌ناره‌كان له‌سه‌ر روباری دیجله‌ و شه‌تولعه‌ره‌ب كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی ئێرانه‌".
سه‌رۆك كۆماری عێراق رونیشیكرده‌وه‌، "ده‌بێت ئێمه‌ پێكه‌وه‌ روبه‌ڕوی بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ری ببینه‌وه‌، ئه‌مه‌ په‌تایه‌كه‌ كه‌ بوه‌ته‌ شێرپه‌نجه‌ و له‌نێو خه‌ڵكدا بڵاوبوه‌ته‌وه‌ و هه‌روه‌ها گرنگه‌ ئاڵوگۆڕكردنی زانیار له‌نێوان هه‌ردو دامه‌زراوه‌ی وڵات بۆ به‌هێزكردنی كاری دامه‌زراوه‌یی هه‌ردولا".
په‌یوه‌ست به‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كان، د. له‌تیف ره‌شید ده‌ڵێت، "له‌ كۆبونه‌وه‌ی ماوه‌ی رابردو باسمان له‌ هه‌مو ورده‌كاریه‌كانی دانوستانه‌كانی نێوان هه‌ردولادا كرد، ئێمه‌ له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ هه‌مو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامی ئه‌رێنی، سه‌باره‌ت به‌ ئاسایشی و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ خۆشخاڵم و پیرۆزبایی له‌ ئێران ده‌كه‌م له‌ به‌هێزكردنی په‌یوه‌نیه‌كانی له‌گه‌ڵ سعودیه‌ و ئومێده‌وارین ئه‌و هه‌نگاوه‌ ببێته‌ هۆكارێك بۆ سه‌قالمگیری و پێكه‌وه‌ كاركردن له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌جۆرێك خزمه‌ت به‌ گه‌لانی ناوچه‌كه‌ بكات".