زایەڵە – جێگری دیپلۆماسیی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەستپێکی یەکەمین کۆڕبەندی پارێزگارانی پارێزگا سنوورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بە ئاماژە بەوەی کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەم وڵاتە لەگەڵ هەرێم ڕوو بە هەڵکشان و گەشەیە، ڕایگەیاند کە ئەم ڕەوتە بە شێوەی بەرچاو گەشەی زیاتر بەخۆوە دەبینێت.
مەهدی سەفەری جێگری دیپلۆماسیی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) لە یەکەمین کۆڕبەند پارێزگارانی پارێزگا سنوورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە ورمێ بە جەخت لەسەر نەهێشتنی کێشەکانی دەروازەی سنووریی تەمەرچین لە پیرانشار، وتی: پێوەندییەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان ساڵی ڕابردووە ١٥لەسەد بەرزبوونەوەی بەخۆوەبینی کە هیوادارین بە چارەسەربوونی کێشەکان، ئەم ڕێژەیە بگاتە ١٠٠ لەسەد.
وتیشی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا میوانداریی لە ١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار گەشتیار لە بواری گەشتیاریی تەندروستی کردووە کە دەرخەری دەفرایەتی بەرزی وڵاتە لە وەرگرتنی گەشتیار لەم بوارەدا.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئێران ڕوو لە هەڵکشان و گەشەیە، ڕایگەیاند کە ئەم ڕەوتە بە شێوەی بەرچاو گەشەی زیاتر بەخۆوە دەبینێت.
یەکەمین کۆڕبەندی پارێزگارانی پارێزگا سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران لە ورمێ دەستیپێکرد.
لەم کۆڕبەندەدا جگە لە وەزیری ناوخۆی ئێران، نەسروڵڵا ڕەشنوودی کونسوڵی ئێران لە هەولێر، محەمەد ڕزوانی فەڕ سەرۆکی گومرۆکی ئێران، ژمارەیێک لە نوێنەرانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان لە پەرلەمانی ئێران و پارێزگارانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی بەشدارن.
ئامانجی ئەم کۆڕبەندە کە تا ڕۆژی هەینی (سبەی) بەردەوام دەبێت، بەرزکردنەوە و بەرفراوان کردنی پێوەندیی بازرگانی، زیاترکردنی دەروازە سنوورییەکان و پەرەپێدانی پێوەندیی لە هەموو بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کەلتووری و وەرزشیە.