زایەڵە - وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویكردەوە، رێژەی بەستنی پێوەری ئاو گەیشتووەتە 82% و بڕیاری لێخۆشبوونی كرێی بەستنی پێوەریش تاوەكو 20 رۆژی دیكە بەردەوام دەبێت.

 وەزارەتی شارەوانی بڵاوی كردۆتەوە، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی ئەو هاوبەشانەی كە پێوەری ئاویان نەبەستووە، بڕیاریاندا بە لێخۆشبوون لە بەشێكی زۆری كرێی بەستنی پێوەر و ئێستا رێژەی بەستنی پێوەر گەیشتووەتە 82% و بڕیارەكەش تاوەكو 21/6/2023 بەردەوام دەبێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، ژمارەی هاوبەشانی ئاو لە هەرێمی كوردستان بریتییە لە یەك ملیۆن و 30 هەزار و 408 هاوبەش، ژمارەی ئەو هاوبەشانەی پێوەریان بەستووە بریتییە لە 850 هەزار و 330 هاوبەش.

ئەوەش هاتووە، کرێی بەستنی پێوەر لە سەنتەری پارێزگەكان بۆ 20 هەزار دینار داشكێنراوە و لە  قەزا و ناحیە و كۆمەڵگەكان و ئەو شوێنانەی كە پێویستە پیوەری لێ ببەسترێت بۆ 10 هەزار دینار داشكێنراوە، داوا لەو هاوبەشانەی ئاو دەكەن هەتا دەرفەت ماوە مامەڵەی لێخۆشبوون لە رێگەی بەستنی پێوەر بكەن.

کامەران کەریم