زایەڵە - وەزیری دەرەوەی ئێران پیرۆزبایی لە هاکان فیدان کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک وەزیری نوێی دەرەوەی تورکیا.
 حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، پیرۆزبایی لە هاکان فیدان کرد کە لە کابینەی نوێی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیادا وەک وەزیری نوێی دەرەوەی تورکیا راگەیەندراوە.

عەبدوڵڵاهیان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر وێنەیەکی ئاڵای تورکیا و ئێرانی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هاکان فیدان دەکەم بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک وەزیری نوێیی دەرەوەی کۆماری تورکیا. چەندین جار لە نزیکەوە گفتوگۆمان کردووە. دیپلۆماتکارێکی بەتوانا و لێهاتووە".

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها ماڵئاوایی لە مەولود چاوشئۆغڵو کرد کە نزیکەی هەشت ساڵ وەک وەزیری دەرەوە لە ئەرکدابوو و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.

لە کابینەی نوێی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیادا کە دوێنێ لەلایەن سەرکۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان راگەیەندرا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (MiT)، هاکان فیدان بە وەزیری نوێی دەرەوە دەستنیشان کرا.