زایەڵە - باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ریاز ئەمڕۆ سێشەممە 6-6-2023 کرایەوە.
هەر ئەمڕۆ ناسر كەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە راگەیەندراوێکدا: بەمەبەستی تەواو جێبەجێكردنی پڕۆسەی ئەو رێككەوتنە دوو قۆڵییانەی كە لە چوارچێوەی دەستپێكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئێران و سعوودیە ئەنجامدراون، باڵیۆزخانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ریاز، كۆنسوڵخانەی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە جەددە و نوێنەرایەتیی هەمیشەیی ئێران لە رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی لە رۆژانی 6-7ی حوزەیران بە فەرمی دەكرێتەوە.
گوتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە كرد كردنەوەی باڵیۆزخانە و كۆنسوڵخانەی گشتی بۆ خزمەتگەیاندن بە حاجیانی ئێرانی، بەر لە هاتنیان بۆ خاكی سعوودیە، بەڕێوەدەچێت.
لە 10ی ئاداری 2023، ئێران و سعوودیە بە نێوەندگیری چین گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان، هەروەها جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی هاریکاری ئابووری و ئەمنی، کە زیاتر لە بیست ساڵ لەمەوبەر واژۆ کرابوون.