دوو لیژنەى پەرلەمانى لە عێراق داوای "لێکۆڵینەوەیەکى جیدى و بەپەلە" لە حکومەت دەکەن لەسەر دیاردەى خۆکوشتن لە کەمپى ئاوارە ئێزدییەکان.
بەپێی هەواڵی زایەڵە، ڕەعد دەهلکى، سەرۆکى لیژنەکانى کۆمەڵایەتى و ئاوارەکان لە پەرلەمانى عێراق (10ى کانونى دووەمى 2021) پاش ڕوودانی 7 حاڵەتی خۆکوشتنی کوڕان و کچانی ئێزدی لە کەمپەکانی ئاوارەکانی پارێزگای دهۆک، ڕایگەیاند "بەمدواییانە دیاردەیەکى مەترسیدار دەبینن و ئەوەش هەڵکشانى خۆکوشتنە لەناو کەمپى ئاوارەکان بە تایبەت لەناو پێکهاتەى ئێزدییەکان و واى لێکردوون بیانخەنە بەردەم چەند پرسیارێک لەبارەى هۆکارەکانى ئەو دیاردەیەوەیە."
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، "پێویستە بەکەمتەرخەمییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا نەکرێت و دەبێت دۆسییەکى لێکۆڵینەوەى حکومیى و بەپەلە لەسەر ئەو دیاردە ترسناکە بکرێت بۆ ئەوەى سنورێک بۆ چارەسەرکردنى دابنرێت."
دەهلکى دەشڵێت، چەند میکانیزمێکى باشیان لەبەردەستدایە لەڕێگەى حکومەتەوە بۆ چارەسەرکردنى بەشێک لە کێشە و نەهامەتیەکانى ئاوارەکان بەڵام لە بودجەى ئەمساڵدا دەرماڵەى پێویست بۆ گەڕانەوە و پاڵپشتیکردنى ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەى ناوچەکانیان تەرخاننەکراوە و ئەوەش پشتگوێخستنە لەلایەن دەسەڵاتى جێبەجێکردنەوە.
سەرۆکى ئەو لیژنە پەرلەمانییە بە پێویستى دەزانێت ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانى تایبەت بە مافەکانى مرۆڤى سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان سەردانى کەمپی ئاوارەکان بکەن بۆ ئەوەى سنورێک بۆ ئەو پێشیلکاریانە دابنێن کە دەرهەقیان دەکرێت.