زایەڵە - كۆلیژی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانی بە چاندنی چەند سەد دۆنمێك لە زەوی كشتوكاڵی، سەدان تۆن لە دانەوێڵەی جۆری گەنم و جۆی بەرهەمێناوە.
ئەو زەوییەی بەرهەمەكانی لەسەر چێنراوە 400 دۆنمە و زەوی کۆلیژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکانی زانكۆی سلێمانییە، كە بەرهەمەكەی جۆی جۆری سپی و ڕەش بووە، هەروەها بڕێكی تریش لە گەنمی جۆری گەنمی نان و تریتیکاڵە هەر لەو زەوییە كشتوكاڵییە بەرهەمهاتووە.
بەرهەمەكانی بەشێكی بەكاردەهێنرێت بۆ ئالیکی پێویستی ئاژەڵەكانی كۆلیژی کشتوکاڵ ، هەروەها بەشێکیشی ساڵانە دەفرۆشرێت بە جوتیاران و ئەو کەسانەی بۆ مەبەستی داچاندن پێویستیان بەو بەرهەمانەیە.
ساڵانە لە ڕێی لیژنەی تایبەت، کە پێکهاتوون لە شارەزایان لە مامۆستایان و فەرمانبەران و شۆفێرانی ئامێرە کشتوکاڵییەکانی كۆلیژ لەم وەرزەدا دەست بە دروێنەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی كۆلیژ دەكرێت و ئەم پرۆسەیەش لە رۆژی یەك شەممەی رابردووەوە دەستپێكراوەو بەردەوامی هەیە.
کامەران کەریم