زایەڵە - لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە گوژمەی زیاتر لە 13 ملیار دینار، بەردی بناغەی دوو پرۆژەی دروستکردنی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس و یوتێرنی مالتا لە شاری دهۆک داندران.
وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەژێر چاودێریی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و سەرۆکی شارەوانیی دهۆک و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک و کۆمپانیای جێبەجێکار و ژمارەیەکی تر لە دامودەزگەکانی حکوومەت بەردی بناغەی پرۆژەی دروستکردنی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس و یوتێرنی مالتا لە شاری دهۆک دانران و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێ ئەو پرۆژەیە بە گوژمەی زیاتر لە 13 ملیار دینار لەسەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمی دەستپێکی پرۆژەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە گرنگیی ئەو پرۆژەیە بۆ شاری دهۆک و هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆژەکە بۆ دهۆک و شارەکانی دیکەی کوردستانیش گرنگە و بە تەواوبوونی شاری دهۆک لەڕووی خزمەتگوزاری و پێشکەوتنەوە دەچێتە قۆناغێکی ترەوە و هیواشی خواست کە سەرجەم قۆناغەکانی تەواو بکرێت.
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە بەردەوام بە تەنگ جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی هەرێمی کوردستانەوەیە بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و ئەو پرۆژەیەش لەسەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتکردنی زیاتری شاری دهۆک جێبەجێ دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد پرۆژەی ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاس و یوتێرنی مالتا دەبێتە هۆی ئاسانکاری هاتوچۆ و کەمکردنەوەی جەنجاڵی و کەمکردنەوەی ژمارەی ترافیکەکانی شاری دهۆک.
کامەران کەریم