زایەڵە - بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە هەستاوە بە دانانی ماتۆڕی ئاوی گەورە لەسەر چەمی گوندی سورەبان.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردەوە، مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ بە هاوبەشی بەڕێوبەری ناحیەی باسنێ و پۆلیسی قەزای شارباژێڕ لە گوندی (سورەبان)ی سەر بە ناحیەی باسنێ لە قەزای شارباژێڕ تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە هەستاوە بە دانانی ماتۆڕی ئاوی گەورە لەسەر چەمی گوندی سورەبان، کە ئەمەش پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکانی لیژنەکانی قایمقامیەتی شارباژێڕە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر دانیشتووانی سنوورەکە ئاگادارکراونەتەوە کە دانانی ماتۆڕی گەورە لەسەر ئاوی چەمەکان و بەرهەمهێنانی زەوی دێم قەدەغەیە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و وشك نەبونی چەم و رووبارەکانی سنووری قەزای شارباژێڕ کە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی قەزاکە و ناحیەکانی دەوروبەریەتی .
کامەران کەریم