زایەڵە - سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە رێکەوتی ١٣ی تەمموز خشتەی کاروبارەکان دەستپێدەکات و هەر لەو مانگەدا لیستی دەنگدەران نوێدەکرێتەوە دەرگای تۆماری کاندیدەکانیش دەکرێتەوە.
عیماد جەمیل موحسین سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی ئەمنی دیاریکراو بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی سێ لیژنەی ئەمنی لاوەکی کە بریتین لە کارگێری و هەواڵگری و مەیدانی و پێنج لیژنەی دیکەی لێدەبێتەوە بەسەر ١٥ پارێزگا دابەش دەبن کە هەڵبژاردنی تێدا بەرێوەدەچیت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەکی تایبەت بە بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سەردانی پارێزگاکان دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە کۆگاکان و بەدواداچوون لەسەر دۆسیەکانی خۆپارێزی پەیوەست بە سەلامەتی گشتی و دواتر راپۆرتێکی لە بارەوە ئامادەدەکرێت و ئاڕاستەی لیژنەی باڵا دەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، خشتەی کاروبارەکان لە رێکەوتی ١٣ی تەمموز دەستپێدەکات و لە هەمان مانگدا پرۆسەی نوێکردنەوەی لیستی دەنگدەران بەرێوەدەچیت و دەرگای خۆ کاندیدکردن لە هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی هاوپەیمانییەکان دەکرێتەوە و لە رێگەیەوە پلانی ئەمنی بۆ پاراستنی ناوەند و نوسینگەکانی کۆمسیۆن لە پارێزگا و کۆگاکان جێبەجێ دەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێکەوتی ٢٠ی ٣ی ٢٠٢٣ پەرلەمانى عێراق ٦ی مانگی تشرینی دوومی ئەمساڵى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان دیاریکرد.
پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئامادەبونی ١٧١ پەرلەمانتار بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن كۆبوەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمان دەنگیدا لەسەر بڕگەیەکی تایبەت و مادەکانی ١٥ و ١٦ـی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.
دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩ هاوڵاتیانی عێراق خۆپیشادانیان کرد و داوای گۆڕینی سیستمی حکومڕانیان کرد، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو بەڵام هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەنەچوو.