زایەڵە - لە رۆژانی جەژندا رێگەنادرێت لە شوێنی فرۆشتنی ئاژەڵدا، ئاژەڵ سەرببڕدرێت.
ئەمرۆ پێنجشه‌ممه (2023.6.22) بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ پێشوازیكردن لە جەژنی قوربان لەرووی تەندروستی و ئەمنییەوە، ئاوات محەمەد_ قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەرێوبەرو نوێنەری دەزگاو فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە، له سەرەتادا قائیمقامی سلێمانی پیرۆزبایی هاتنه‌وه‌ی جەژنی قوربانی لە هاوڵاتیانی سلێمانی کرد، پاشان باسی لە پەتای خوێنبەربوون کرد کە لە بەشێک لە پارێزگاکانی عیراق و هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوەو هەڕەشە لە عیراق و وڵاتانی دراوسێمان دەکات.
له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا، تەئکیدکرایەوە ئەوکەسانەی کاری ئاژەڵداری دەکەن و راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵدا دەکەن مەترسی زیاتریان لەسەرەو پێویستە خۆپارێزی زۆر بکەن، ئاماژە بەوەش کرا خۆپارێزی لەو نەخۆشییە زۆر ئاسانە، بەڵام چارەسەرکردنی تووشبوان بەو ڤایرۆسە قورسە، له ئێستادا پێداویستی چارەسەرکردنیشی لە ناوەندە تەندروستییەکان کەمن.
سه‌باره‌ت به مه‌راسیمی قوربانیكردن لە جەژنی قوربانی پیرۆزدا هاوڵاتیان ده‌توانن وەکو ئەرکێکی ئاینی قوربانی‌کردن ئەنجام بدەن، به‌ڵام به‌و رێكارانه‌ی له لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی و ڤیتێرنه‌ریه‌وه دیاریكراوه، كه له شاری سلێمانی چەند شوێنێکی دیاریکراوی دوور لە شوێنی نیشتەجێبوون دیاریكراوه كه کڕین و فرۆشتن بە ئاژەڵەوە تێدادەکرێت، بەڵام بەهیچ جۆرێک رێگەنادرێت ئاژەڵی تێدا سەرببڕدرێت بۆ سه‌ربرینی ئاژه‌ڵیش کوشتارگەی فەرمی دیاریكراوه و بەدەر لەو کوشتارگەیه رێگه نادرێت لەهیچ شوێنێکی‌تر ئاژەڵ سەرببڕدرێت.
لەرووی ئەمنیشەوە هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی لە چەند رۆژی پێش جەژن و رۆژانی جەژندا لەهەموو شاردا ئامادەییان دەبێت و رێگەنادەن هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو دروست ببێت، هه‌روه‌ها هاوكاری ته‌واوی لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی و تیمه‌كانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی و ڤیتێرنه‌ری ده‌كه‌ن بۆ ریگریكردن له سه‌ربرینی ئاژه‌ڵ به‌ده‌ر له رێنماییه‌كان.
کامەران کەریم