زایەڵە - شاندێکی حکومیی سەردانی شارۆچکەی نەوسودی پاوەیان کرد و جێگری پارێزگاری کرماشان دەڵێت، پێش جەژنی قوربان، دەروازەی شوشمێ بەڕووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە.
جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری ئابووری، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان و بەرپرسانی خۆجێیی شاری پاوە ڕۆژی هەینی 23-06-2023 سەردانی دەروازەی سنووری شوشمێی نێوان پاوە و هەڵەبجەیان کرد و دواتر لە بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی نەوسود کۆبوونەوەیەک لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی دەروازەکە بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا عەبدولوەحید محەممەدی، جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری ئابووری رایگەیاند، ئامادەکارییەکان خەریکە تەواو دەبن و رۆژی سێشەممە، 27-06-2023، دەروازەکە بە فەرمی دەکرێتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، کردنەوەی دەروازەکە کاریگەری لەسەر زیاتربوونی هاتووچۆی گەشتیاری و گەشەی ئابووریی ناوچەکە و پارێزگای کرماشان دەبێت.
لەو کۆبوونەوەیەدا ئارەش لهۆنی، پەرلەمانتاری شارەکانی پاوە، جوانڕۆ، روانسەر و سەلاسی باوەجانی داوایکرد، دوای کردنەوەی دەروازەی شوشمێ بە رووی گەشتیاراندا، ئامادەکاری بکرێت بۆ هاتووچۆی گەشتیاران بە ئۆتۆمبێلی خۆیان.
رۆژی یەکشەممە 18-06-2023 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی دەروازەی سنووری شوشمێی کرد و رایگەیاند، بەمنزیکانە بەڕووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە.
دەروازەی شوشمێ دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی کرماشان و هەڵەبجە و زیاتر لە 10 ساڵە بۆ کاروباری بازرگانی بەکاردەهێندرێت؛ لە ساڵی 2018ـەوە بڕیاری بەنێودەوڵەتیکردنی دەروازەکە و هاتووچۆی گەشتیاران لەو دەروازەیە بە پاسپۆرت دراوە.