زایەڵە ـ کلیپی گۆرانی "ئه‌ی ڕه‌ستخیز" بە ئاوازدانەری و ژەنیاری موزیکزانی کورد "فەرنوود ئیلهامی" و بە دەنگی "ئه‌بوالفه‌زل دێهقان" بڵاوکرایەوە.

"فەرنوود ئیلهامی" ئاوازدانەری گۆرانی "ئه‌ی ڕه‌ستخیز" سه‌باره‌ت به‌م به‌رهه‌مه موزیکه‌ بە دەنگی "ئه‌بوالفه‌زل دێهقان" گوتی: چه‌ندین ساڵ له‌مه‌و پێش "ئه‌ی ڕه‌ستخیز"م به پێی مێلۆدی ناوداری ئازه‌ری به ناوی "کوچه‌ له‌ره" ساز کرد، به‌شی یه‌که‌می له مێلۆدییه سه‌ره‌کییه‌که که‌ڵک وه‌رگیراوه و به‌شی دووهه‌میش به پێی هه‌ست و سۆزی خۆم سازکراوه. 

ئه‌م ئاوازدانەر و ژەنیاره‌ی ئامێری تەنبوور، سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی شیعری گۆرانی "ئه‌ی ڕه‌ستخیز" گوتی: ئه‌ی ڕه‌ستخیز" یه‌که‌مین غه‌زه‌ل له دیوانی "شه‌مس"ه که موناجاتێکی عاریفانه‌یه له زمان مه‌ولاناوه بۆ ده‌رگای ئه‌وینداره‌که‌ی واته "شه‌مس". له‌م غه‌زه‌له‌دا مه‌ولانا پێگه‌ی عه‌شق له سینگ و پێگه‌ی خۆشه‌ویستیش له دڵدا داده‌نێت که ده‌بێته ڕازاندنه‌وه‌ و جوانی ئه‌ندێشه. هیوادارم که ده‌رئه‌نجامی ئه‌م تێکه‌ڵاوکردنی شیعر و موسیقایه له لایه‌ن هۆگرانی موزیکه‌وه پێشوازیی باشی لێبکرێت.

ئه‌ندامانی گرووپی موزیکی "ساجنار" که له خوڵقاندنی گۆرانی "ئه‌ی ڕه‌ستخیز"دا به‌شدارییان کردووه، بریتین له: 
ژەنیاری تەنبوور، ئاوازدانەر و سه‌رپه‌ره‌ستی گرووپ: فەرنوود ئیلهامی، گۆرانیبێژ: ئه‌بوالفه‌زل دێهقان، ژەنیاری که‌مانچه و قه‌یچه‌ک: ئه‌سغه‌ر فه‌لاح، ‌ ژەنیاری دەف و به‌ندیر: ئەمیر حوسێن مێنشادی، سه‌ماکار: حه‌مید ڕه‌زا شه‌ریفی: بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی گشتی: مەنسوور جیهانی، دەنگهەڵگر، میکس و مەستێرینگ: مێسباح قەمسەری، دەنگهەڵگر: سوهەیل موئمێنی، وێنەگر: عه‌لیڕه‌زا پارسائیان و ئه‌ردان ئه‌یاز، ستۆدیۆ کڕۆماکی: بۆڕنا میساقی، مۆنتاژ و مۆشێن گڕافی: پووریا شاه‌‌ئیبڕاهیمی و دیزاینی پۆستەر: ئامیتا ڕه‌حمانی. 

"ئه‌بوالفه‌زل دێهقان" گۆرانیبێژ و مامۆستای مه‌قامه که له ساڵی ٢٠١٢ له خزمه‌ت مامۆستا "غوڵامڕه‌زا ڕه‌زایی" فێری ده‌سپێکی مه‌قام به شێوازی چڕینی مه‌قامی مامۆستا تاهیرزاده بووه. له‌ درێژه‌دا له خزمه‌ت مامۆستایانی وه‌کوو "ڕ‌‌‌ه‌زا شاکری" و "سوهه‌یل مه‌حموودی" جوانناسی تێکه‌ڵاوکردنی شیعر و مۆسیقا و هه‌روه‌ها خولی خوێندنی ئۆپێڕای نه‌ته‌‌وه‌یی له لای "بێهزاد عه‌بدی‌" تێپه‌ڕ کردووه. 

ئه‌م دوای تێپه‌‌ڕکردنی خوله‌کانی خوێندنی مه‌قام و تیۆری مۆسیقا کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌می له‌وانه: "هه‌وای ڕووی تۆ" و "به‌زمی عارفان"ی به ئاوازدانه‌ری "پوویا سه‌رایی" و پێشکه‌شکردنی دووباره‌ی گۆرانی "مینای شکه‌سته" بە ئاوازدانەری مامۆستا "هۆمایوون خوڕه‌م" و به دابه‌شکردنی "مێهدی وه‌حده‌تی" ئاڕاسته‌ی هۆگرانی موزیک کردووه.

دێهقان له ئێستادا سه‌رقاڵی ته‌واوکردنی ئه‌لبوومێکه له ژانڕی مۆسیقای سونه‌تی به ئاوازدانه‌ری "پوویا سه‌رایی" و گۆرانی "ئه‌ی ڕه‌ستخیز" بە ئاوازدانەری و ژەنیاری موزیکزانی کرماشانی "فەرنوود ئیلهامی" دوایین به‌رهه‌می ئه‌م گۆرانیبێژه‌ دێته‌ ئه‌ژمار‌.

لینکی دانلۆدی کلیپی گۆرانی "ئه‌ی ڕه‌ستخیز": 
https://we.tl/t-fHSg0pL5ny

مەنسوور جیهانی