زایەڵە - قایمقامیەتی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، بەسەرپەرشتی ڕەمک ڕەمەزان ،قائیمقامی چەمچەماڵ کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی و فەرمانگە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربان و پشووەکان بوو، قائیمقامی چەمچەماڵ داوایکرد لیژنەی ئەمنی لە ئەرکدابن و هەر دیاردەیەکی دزێو و ناشارستانی لە بازاڕ و گەڕەک و شوێنە گشتیەکان بینرا ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێوەبەری ئاو و کارەبا و سەرۆکی شارەوانی و ئەوقاف و ڤێتەرنەری ئامادەی بوون قائیمقامی چەمچەماڵ داوایکرد ئەوەی لە توانادایە خزمەتگوزارییەکان بەباشترین شێوە پێشکەشی هاوڵاتیان بکرێت.
دواتر دکتۆر عادل فخرالدین بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری چەمچەماڵ کورتەیەکی لەسەر نەخۆشی تای خوێنبەربوون خستەڕوو بۆیە لیژنەی ئەمنی بڕیاریدا پێویستە ئاژەڵ لە سەربڕخانەکان سەرببڕرێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان پارێزراوبن لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون کە چارەسەرکردنی زۆرگرانە و ڕێژەی گیان لەدەستدان لەناو توشبواندا بەرزە.
لیژنەی ئەمنی قەزای چەمچەماڵ دوای پشووەکانی جەژن ڕێکاری نوێ بەرامبەر ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا و ئەو بارهەڵگرانەی لە ناو گەڕەکەکان ڕادەگیرێت دەگرێتەبەر، هاوکات دەربارەی چەکی بێ مۆڵەت پێویسته هاوڵاتیان تا بەرواری ٢١/ ٧/ ٢٠٢٣ چەکەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی چەمچەماڵ تۆمار بکەن بەپێچەوانەوە بەپێی مادەی چەک دەستی بەسەردادەگیرێت و خاوەنی چەکەکەش بە ٥ ملیۆن دینار غەرامەدەکرێت.
کامەران کەریم