زایەڵە - سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، فایەق زێدان لایەنە پەیوەندارەکانی راسپارد بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو هاووڵاتییە بە رەگەز عێراقییەی کە لە سوید قورئانی پیرۆزی سووتاند.

لەو راگەیەندراوەی کە لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە فایەق زێدان لایەنە پەیوەندارەکانی راسپارد بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو پەنابەرە بە رەگەز عێراقییەی کە لە سوید قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەمەش بەپێی ماددەی ١٤ لە یاسای سزادانی عێراقی بەرکار.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی راسپاردووە بە هەماهەنگیی لەگەڵ دادگای لێکۆڵینەوەی یەکەمی کەرخ بۆ تەواوکردنی رێوشوێنی یاسایی بۆ داواکاریی گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرە بە رەگەز عێراقییەی کە لە سوید قورئانی پیرۆزی سووتاند هەروەها دادگاییکردنی بەپێی یاسا.

پێشتریش گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی لە راگەیەندراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆزی لە وڵاتی سوید کرد و رایگەیاند کە ئەم کارە بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ئازادی رادەبڕینەوە نییە و داوای کرد کە بەهیچ شێوەیەک رێگە بە دووبارە بوونەوەی ئەم کارە نەدەرێت کە هەستی ملیۆنان موسڵمان ئازار دەدات.

هاوکات سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا داوای سەندنەوەی رەگەزنامەی عێراقی لەو هاووڵاتییە بە رەگەز عێراقییەی کردبوو کە لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لە سوید قورئانی پیرۆزی سووتاند، هەروەها داوای کردبوو کە دەسەڵاتی دادوەریی کار بکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرە عێراقییە یان سزادانی بەبێ ئامادەبوونی.