زایەڵە - بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندە و ئەفسەری باڵای یەکە سەربازییەکان کۆبووەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، بورهان سەعید سۆفی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وەستا رەسوڵ، لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگە و لیوا روکن عومەر ساڵح، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هێزەکانی ٧٠ ئامادەبوون، دۆخی ئەمنی و هەنگاوەکانی رێکخستنەوە و پێشخستنی توانای هێزەکانی پێشمەرگە گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان کرایەوە لەپێناو سەرخستنی ئەو ئامانجە نیشتمانییە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دوایین هەنگاو و بڕیارەکانی رێکخستنەوە و چاکسازیکردن و درێژەدان بەمەشق و راهێنان و بەرزکردنەوەی توانای سەربازی و هەواڵگری هێزی پێشمەرگە ئامادەبووانی بەرچاوڕوونکرد و رایگەیاند، هەموو هەوڵەکان بە ئاڕاستەی رێکخستنەوەی هێزەکان و ئامادەکردنەوەیەتی لەچوارچێوەی پەیکەربەندییەکی نوێدا تاوەکو هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە بونیاد بنێین کە پارێزەری راستەقینەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بێت .
وتیشی پێشوازی لە هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین لە سەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەریی و هاوسەنگی هێز هەر ویستێکیش لەدەرەوەی ئەم ئامانجە باڵایە رەت دەکەینەوە، بۆیە پێویستە هەموو فەرماندە و ئەفسەرەکانی هێزی پێشمەرگە بە ئەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و وەک هەمیشە لەخزمەت کوردستاندا بن.
لەبارەی هاریکاری و هەماهەنگی نێوان کۆی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان و یەکخستنی هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، سەرۆک بافڵ رایگەیاند، دەبێت هەموو هێزە سەربازی و ئەمنییەکان هاوکار و هەماهەنگبن، پێکەوە لەچوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا ئەرکەکانیان رابپەڕێنن و پارێزەری ژیانی خەڵک بن.
پاراستنی سنوورەکان، تۆکمەکردنی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە بوو و جگەلەوەی گفتوگۆی وردی لەبارەوەکرا، بڕیاری پێویستیشیان لەبارەوە درا.