زایەڵە - لە سەرەتای كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بایەخێكی زۆری بە نەمامگە ناوخۆییەكانی شارەوانی داوە و بۆ ئەو مەبەستەش پشتی بە بەرهەمهێنانی دار و گوڵ لە ناوخۆی كوردستاندا بەستووە كە بەهۆیەوە داهاتێكی زۆر بۆ خەزێنەی حكوومەت گەڕێندراوەتەوە.
وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاند، تەنیا لە چوار ساڵی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە شاری هەولێر زیاتر لە ملیۆنێك و 160 هەزار دار و گوڵی جۆراوجۆر چاندراون و ڕێژەی سەوزاییش لەو چوار ساڵەدا لە 17.5% بۆ 19.5% بەرز بووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارك و باخچەكانی هەولێر كە سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە سەرپەرشتیی بەرهەمهێنانی دار و گوڵ لە شاری هەولێر دەكات و هاوكات پرۆسەی چاندنیش بەڕێوە دەبات.
بەهۆی بەرهەمهێنانی گوڵ و دار لە ناوخۆی كوردستان لە لایەن نەمامگەكانی شارەوانیی هەولێر، داهاتێكی زۆر بۆ خەزێنەی حكوومەت گەڕێندرایەوە، چونكە لە ساڵانی پێشوودا ژمارەیەكی زۆر دار و گوڵ لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەكران، بەڵام لە كابینەی نۆیەمدا كاری جدی كرا بۆ ئەوەی لە ناوخۆی كوردستان دار و گوڵ بەرهەم بهێندرێت.
بە گشتی لە هەر چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا ١٫١٦٠٫٣٣٥ ملێۆنک و سەد و شەست هەزار و سێ سەد و سی و پێنچ دار و گوڵ لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر چاندراون، ڕێژەی سەوزاییش گەیشتووەتە نزیكەی 20% و پرۆسەی بەرهەمهێنان و چاندنی گوڵ و دار بەردەوامە.
کامەران کەریم