زایەڵە - فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئەگەر ململانێی نێوخۆی هەرێمی کوردستان نەبوایە کورد لە بودجەی عێراق زیاتری وەردەگرت، دەشڵێت، "لە بودجەدا مین نیە، بەڵام نیقاشی تیایە"، ئەوەش وەڵامێکە بۆ قسەکانی هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی کە وتبوی، "پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا پڕە لە مین".
فوئاد حسێن کە بە کەسایەتییەکیی نزیک لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دادەنرێت ئەمشەو لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی رووداو باسی لە پشکی کورد لە بودجەی عێراق کرد و وتی، "ئەگەر ململانێی نێوخۆی هەرێمی کوردستان نەبوایە کورد لە بودجەی عێراق زیاتری وەردەگرت، بەڵام ئەوەی وەرگیراوە کەم نییە و لە بودجەدا مین نیە، بەڵام نیقاشی تیایە".
هۆشیار زێباری پێشتر رایگەیاندبو، "کاتێک بودجە چوە پەرلەمان و دەنگی لەسەردرا، رونبوەوە کە بەداخەوە خاوەنی پابەندیی خۆیان نین، ئەمە ئاماژەیەکی بەهێز بو بۆ ئێمە، کە دەبێت خوێندنەوەیەک بۆ دۆخی خۆمان بکەین، مەسەلەی بودجە مەسەلەیەکی زۆر گرنگە و قسەم زۆر لەسەر بودجە هەیە، بەڵام ئەو بەشەی دەستنیشانی کردوە بۆ هەرێمی کوردستان، پڕە لە ئەلغام (مین)".