زایەڵە - لە ڕێوڕەسمێکدا و لە ژێر چاودێری جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین و بە ئامادەبوونی دکتۆر پۆڵا سەرۆکی دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی و موحسین عەبدولکەریم بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مینی سلێمانی و حاکم فەرهاد بەڕێوەبەری ناحیەی سیتەک و لیژنەی ڕادەستکردنەوەی کێڵگە مینەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، کێڵگەمینی چەوتە-B بە ڕووبەری ( ٥١٠٠٠) هەزار مەتر دووجایە و تیایدا (١١٢) مین و تەقەمەنی دۆزراونەتەوە.
کێڵگە مینەکە دەکەوێتە چیای ئەزمەڕی سەر بە سنوری ناحیەی سیتەک لە قەزای شارباژێڕی پارێزگای سلێمانی دوای پاککردنەوەی لەلایەن تیمەکانی مینلابەری دەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی سلێمانی ڕادەست کرایەوە.
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جەبار مستەفا رایگەیاند: کاری لە پێشینەی دەزگای مین پاککردنەوەی ئەو ناوچانەیە کە شوێنی نیشتەجێ بوون و گەشتیاری و ئابوورین لە هەرێمی کوردستان.
جێگەی ئاماژەیە: ژمارەی سودمەندبووان نزیکەی (١٠،٠٠٠)هەزار هاوڵاتیە و بە پاککردنەوەی ئەم کێڵگەمینە راستەوخۆ بە سود دەبێت بۆ پڕۆژەی چاوی گەردوونی کە پڕۆژەیەکی ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هەروەها شوێنەکە بەگشتی بۆ مەبەستی گەشتیاری لەهەرچوار وەرزی ساڵ و لەوەڕگا سوودی لێ دەبیندرێت.
کامەران کەریم