زایەڵە - روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ پشتڕاستی کردۆتەوە، ئەمرۆ هەینی، ژمارەی کوژراوانی ئەو هێرشەی کە لە ڕێوڕەسمەکانی یادکردنەوەی عاشورا لە دیمەشق بوونە ئامانج، بۆ هەشت کەس بەرزبووەتەوە.

روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاند، لەنێو کوژراوەکانی تەقینەوەکەی ناوچەی سەیدە زەینەب لە دیمەشق، ژنێک و دوو کەسی دیکە، کە رەگەزنامەیان سووری نەبووە گیانیان لەدەستداوە".

پێشتر ئاژانسی فرانس پرێس، کوژرانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکەی، لە تەقینەوەکەی ناوچەی سەیدە زەینەب لە باشووری دیمەشق راگەیاندبوو.

فرانس پرێس دەشڵێت: لە ماوەی ساڵانی ئەو ململانێیەی کە لە ساڵی 2011ەوە بەردەوامە، ناوچەی سەیدە زەینەب لە گەڕەکی باشووری دیمەشق تووشی هێرش و بۆردومانی خوێناوی بووە کە لەلایەن گروپە جیاوازەکانەوە ئەنجامدراوە، بەڵام لە ماوەی ساڵانی رابردوودا تا رادەیەکی زۆر کەمیکردووە.

لە بەرامبەردا وەزارەتی ناوخۆی سوریا رایگەیاندووە، رووداوەکە لە ئەنجامی "تەقینەوەی ماتۆڕسکیلێک لە نزیک تەکسییەکی گشتی" روویداوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن".

ئیبراهیم، ​​تەمەن 39 ساڵ، کارمەندی ئەو ناوچەیە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، تەقینەوەکە لە نزیک بارەگایەکی ئەمنی بە دووری نزیکەی 600 مەتر لە مەزارگەی سەیدە زەینەبەوە روویداوە.

ئەم ناوچەیە زیاتر سەردانیکەرانی شیعە لە ئێران، عێراق، لوبنان و وڵاتانی دیکەوە سەردانی دەکەن.