زایەڵە - له‌سه‌ر خوارده‌مه‌نی ده‌ستگێڕه‌كان هۆشدارییه‌كی بەپەلە له‌ قائیمقامییه‌تی سلێمانیه‌وه‌ دەدرێت .

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی هۆشداری له‌ خواردنی خوارده‌مه‌نییه‌كانی عه‌ره‌بانه‌ و ده‌ستگێره‌كان ده‌دات و داوا له‌دایكان و باوكان ده‌كات و ده‌ڵێت: خۆتان و منداڵه‌كانتان بپارێزن.

هیوا ساڵح، نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی بەزایەڵەی  راگه‌یاند: شوێن و جۆر و عه‌مباركردن، گرنگی زۆری هه‌یه‌ له‌سه‌ر خوارده‌مه‌نی بۆ تێكچون یان نه‌شیاوی بۆ خواردن، بۆیه‌ رێگه‌ی زانستی عه‌مباركردنی‌ گۆشت و مریشك پێش ئاماده‌كرن پێویسته‌ له‌‌ ساردکەرەوەدا له‌خوار (5) پله‌ی سه‌دییه‌وه‌ بێت، هه‌روه‌ها دوای ئاماده‌كردن‌یش پێویستی بە سەرو‌ (72) پله‌ی سه‌دی هه‌یه‌ بۆه‌ئه‌وه‌ی شیاوی خواردن بن.

وتیشی: به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی عه‌ره‌بانه‌ و ده‌ستگێره‌كان له‌و پله‌ گه‌رمییانه‌دا خواردن و خواردنه‌وه‌كانیان عه‌مبار ناكرێت، هه‌روه‌ها سه‌ردانه‌پۆشراون و نه‌گونجاوی شوێنی وه‌ستانیشیان، یاریده‌ده‌ره بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی به‌كتریا زیان به‌خشه‌كان له‌سه‌رخوارده‌مه‌نییه‌كانیان، دواتر تێكچونی دۆخی ته‌ندروستی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

نوێنه‌ركه‌ی ته‌ندروستی سلێمانی رونیكرده‌وه‌: نه‌گونجاوی شوێنی وه‌ستانی ده‌ستگێره‌كانه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان، هه‌بونی تۆز وخۆڵ و دوكه‌ڵی ئوتۆمبێل و نیشتی له‌سه‌ر خوارده‌مه‌نییه‌كان، پابه‌ندنه‌بونیان به‌مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌ری و رێنماییه‌كانی دیكه‌ی كاركردن و به‌كارنه‌هێنانی ئاوی پاك بۆ شۆردنه‌وه‌ی سه‌وزه‌كان و هه‌مو ئه‌و پێداویستیانه‌ی دیكه‌ له‌ ئاماده‌كردنی خوارده‌مه‌نییه‌كان به‌كاریده‌هێنن، به‌شێكی دیكه‌ی هۆكاره‌كانی گه‌شه‌كردنی به‌كتریا زیانبه‌خشه‌كان له‌ناو خواردن و خواردنه‌وه‌كانی عه‌ره‌بانه‌ و ده‌ستگێڕه‌كان.

بێجگه‌ له‌و زیانانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسیكردوه‌: هیوا ساڵح، كه‌ هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دبلۆمی باڵایه‌ له‌ زانستی خۆراكدا ده‌ڵێت: به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما و تیشكی خۆر كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر خواردن و خواردنه‌وه‌ به‌گشتی و سه‌ردانه‌پۆشراوه‌كان  به‌تایبه‌تی هه‌یه‌ و یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ ئه‌و مه‌ترسیانه‌یه‌ كه‌ روبه‌ڕوی ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌بێته‌وه‌. 

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ قائیمقایه‌تی سلێمانی ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كرد:  بۆ خۆپاراستنی خۆتان و منداڵه‌كانتان خۆتان له‌ خواردنی خوارده‌مه‌نیی سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ و ده‌ستگێڕه‌كان، به‌دوربگرن، باشتر وایه‌ له‌ دوكان و ئه‌و شوێنانه‌ی له‌ژێر چاودێری وردی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی وبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی و فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه‌دان، خواردن وخواردنه‌وه‌ بكڕن، چونكه‌ له‌كاتی پابه‌ندنه‌بون به‌ رێنماییه‌كانی كاركردن، روبه‌ڕوی رێكاره‌ یاساییه‌كان ده‌كرێنه‌وه‌.

لەکاتی هەبونی گومان یان بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری بەقائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە بکەن.

کامەران کەریم