یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی خۆى ئه‌نجامدا و  چەند بڕیار و راسپاردەی دەرکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، شه‌ممه‌ 9/1/2021 به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆك و جێگر و سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانى، یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی خۆى ئه‌نجامدا و، ئه‌م بڕیار و راسپاردانه‌ى خواره‌وه‌ى ده‌ركرد:

1- بۆ داواكارى سكاڵاى یانه‌ى ئه‌فرۆده‌یت به‌ نووسراوى ژماره‌ 46 له‌ رێكه‌وتى 3/1/2021 بڕیاردرا به‌ پێكهێنانى لێژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كانى یارى نێوان ئافره‌تانى دهۆك و ئه‌فرۆده‌یت، كه‌ پێكهاتوون له‌م به‌ڕێزانه‌ى خواره‌وه‌:

• هادى كه‌ریم ـ سه‌رۆك

• كرێكار زرار ـ ئه‌ندام

• سیروان نه‌جمه‌ددین ـ ئه‌ندام

2- یاریزانى تیپى فوتساڵى كچانى یانه‌ى ته‌ناهى (نڤین فائق) به‌ هۆى ئاماده‌نه‌بوونى له‌ باره‌گه‌ى یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان بۆ دووه‌م جار به‌ مه‌به‌ستى لێكۆڵینه‌وه‌ و دروستكردنى كێشه‌ و گرفت به‌ به‌رده‌وامى بڕیاردرا به‌:

• دوورخستنه‌وه‌ى ناوبراو له‌ چالاكییه‌كانى یه‌كێتییه‌كه‌مان بۆ ماوه‌ى یه‌ك ساڵ له‌ رێكه‌وتى 9/1/2021.

• غه‌رامه‌كردنى ناوبراو به‌ بڕى 300000 سێسه‌د هه‌زار دینار.

3- به‌ هۆى پابه‌ندنه‌بوون به‌ رێنمایی و راسپارده‌ و ئاگاداركردنه‌وه‌كانى یه‌كێتییه‌كه‌مان، بڕیاردرا هیچ یارییه‌ك له‌ یاریگه‌ى یانه‌ى شێروانه‌ به‌رێوه‌ نه‌چێت تاكو ژوورى تایبه‌ت و شایسته‌ بۆ سه‌رپه‌رشتیارى یارى و ستافى ناوبژیوانان ئاماده‌ نه‌كه‌ن.

4- له‌ یارى نێوان نه‌ورۆز و هه‌ندرێن له‌ گه‌ڕى پێنجه‌مى خولى نایابى كوردستان، به‌ هۆى ده‌رچوون له‌ گیانى وه‌رزشى له‌ لایه‌ن سه‌رپه‌رشتیارى تیپى پێشكه‌وتووانى یانه‌ى هه‌ندرێن (جه‌مال جه‌لال) بڕیاردرا به‌:

• دوورخستنه‌وه‌ى ناوبراو له‌ یارى داهاتووى یانه‌كه‌ى، كه‌ نابێت له‌ نێو یاریگه‌ ئاماده‌ بێت.

• غه‌رامه‌كردنى ناوبراو به‌ بڕى 500000 پێنجسه‌د هه‌زار دینار.

5- هه‌ر سه‌رپه‌رشتیارێكى تیپ له‌ چالاكییه‌كانى یه‌كێتییه‌كه‌مان بگۆڕدرێت، مافى دووباره‌ سه‌رپه‌رشتیارى تیپه‌كه‌ى نابێت.

6- ئاگادارى سه‌رجه‌م یانه‌كانى به‌شداربوو له‌ چالاكییه‌كانى یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان به‌ هه‌موو تیپه‌ جیاوازكان ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ ناوبژیوانانى كوردستان كه‌ ئه‌ركیان به‌رێوه‌بردنى یارییه‌كانیان له‌ ئه‌ستۆیه‌، شایسته‌ى رێزن و پاڵپشتى ته‌واوى یه‌كێتییه‌كه‌مانیان هه‌یه‌، لێژنه‌ى ناوبژیوانانى كوردستان سه‌رپشكن له‌ ده‌ستنیشانكردنیان بۆ هه‌ر یارییه‌ك.

7- به‌ هۆى ئاماده‌نه‌بوونى یانه‌ى ئه‌فرۆده‌یت له‌ به‌رامبه‌ر یانه‌ى ته‌ناهى له‌ گه‌ڕى هه‌شته‌مى خولى نایابى فوتساڵى كچانى كوردستان، بڕیاردرا به‌:

• هه‌ژماركردنى ئه‌نجامى یارییه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى یانه‌ى ته‌ناهى به‌ ئه‌نجامى (5×0) گۆڵ.

• غه‌رامه‌كردنى یانه‌ى ئه‌فرۆده‌یت به‌ بڕى 1000000 یه‌ك ملیۆن دینار.

8- بۆ داواكارى سكاڵاى یانه‌ى سیروانى نوێ له‌سه‌ر یارى نێوان یانه‌كه‌یان و یانه‌ى ئافره‌تانى دهۆك له‌ خولى نایابى فوتساڵى كچانى كوردستان، دواى ئه‌وه‌ى هه‌ردوو ناوبژیوانى یارییه‌كه‌ (هاوكار سالار و ره‌وه‌ند فه‌تاح) له‌ كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كێتییه‌كه‌مان ئاماده‌بوون و سه‌رجه‌م رووداوه‌كانیان شى كرده‌وه‌، ده‌ركه‌وت بڕیاره‌كانى ناوبژیوانان دروسته‌ و هیچ گرفتێكى یاسایی تێدا نییه‌.

9- ئاگادارى یانه‌كانى كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌ر كاتێك سكاڵایان له‌سه‌ر هه‌ر گرفتێكى یارییه‌كان هه‌بوو، ئه‌وا پێویسته‌ بڕى 1000000 یه‌ك ملیۆن دینار راده‌ستى ژمێریارى یه‌كێتییه‌كه‌مان بكه‌ن:

• ئه‌گه‌ر سكاڵایه‌كه‌ دروست بوو له‌ سه‌دا %80 ـى پاره‌كه‌یان بۆ ده‌گه‌رێته‌وه‌.

• ئه‌گه‌ر سكاڵایه‌كه‌ دروست نه‌بوو هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك وه‌رناگرنه‌وه‌.

10- بڕیاردرا به‌ پێكهێنانى لێژنه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌ په‌ره‌پێدانى و رێكخستنى ناوبژیوانانى یاریگه‌ى كراوه‌ و فوتساڵى كوردستان.

11- بریاردرا به‌ كردنه‌وه‌ى خولى فوتساڵى یانه‌كانى كوردستان بۆ كوڕان بۆ وه‌رزى 2020/2021، به‌شدارییكردنى یانه‌كان ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌، له‌ داهاتوو لێژنه‌ى تایبه‌ت و رێنمایی تایبه‌ت بۆ ئه‌م خوله‌ دروست ده‌كرێت و بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.

کۆتایی/.