زایەڵە -ئه‌و كه‌سه‌ی شه‌وی ڕابردوو له‌ شاره‌دێی پیره‌مه‌گروون تاوانی كوشتنی سێ كه‌سی له‌نێو یه‌ك خێزان ئه‌نجام دا، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی پیره‌مه‌گروونه‌وه‌ ده‌ستگیر كرا.
 
به‌كر عه‌بدولكه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی پیره‌مه‌گروون ڕایگه‌یاند: ئه‌و تۆمه‌تباره‌ی شه‌وی ڕابردوو تاوانێكی گه‌وره‌ی ئه‌نجام دا و سێ كه‌سی خێزانێكی كوشت، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌نێو گوندێكی ده‌وروبه‌ری پیره‌مه‌گروون ده‌ستگیر كرا.
 
ڕاشیگه‌یاند كه‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ ڕووبه‌ڕووی یاسا ده‌كرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌ی دادگاوه‌ باجی تاوانه‌كه‌ی وه‌ربگرێته‌وه‌.
 
شه‌وی ڕابردوو له‌نێو خێزانێكی شاره‌دێی پیره‌مه‌گروون ڕووداوێكی دڵته‌زێن و كاره‌ساتێك ڕووی دا كه‌ تێیدا كه‌سێك ته‌قه‌ی له‌ خێزانه‌كه‌ كرد و به‌هۆیه‌وه‌ دوو برا و كوڕی یه‌كێك له‌ براكانی كوشت، هه‌روه‌ها ژنی یه‌كێك له‌ براكانیش به‌سه‌ختی بریندار كرد.
 
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان بكوژه‌كه‌ ناسیاوی كوژراوه‌كانه‌ و ماڵیان له‌ یه‌ك كۆڵانی شاره‌دێی پیره‌مه‌گروونه‌، رووداوه‌كه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ ڕوویداوه‌ كه‌ بكوژه‌كه‌ داوای له‌ ماڵی كوژراوه‌كان كردووه‌ به‌ شۆفه‌ڵ تانكییه‌كی ئاوی بۆ ببه‌نه‌ سه‌ر خانووه‌كه‌ی و به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌م ڕووداوه‌ی لێ كه‌وتۆته‌وه‌.