زایەڵە - بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی داواكانی موڵكداریی لە هەرێم ڕایگەیاند:  ئەو دەستە بڕێک دینار بەسەر ئەو كەسانە دابەشدەكات كە زیانلێكەوتوی دەستی ڕژێمی بەعس بون. 

تارا ئەنوەر قەرەداغی بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی داواكانی موڵكداریی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندوە: دەستەی داواكانی موڵكداری جارێكی دیكە بڕێك پارە بەسەر زەرەرمەندانی دەستی ڕژێمی بەعس دابەشدەكات، ئەم پارەیەش ئەو كەسانە دەگرێتەوە، كە داواكارییان پێشكەشی دەستەكەمان كردووە.

ناوبراو سەبارەت بە بڕی تەرخانکراو بۆ قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوانی دەستی بەعس، ئاشکرایکرد: دوای ئەوەی ئەو داواكارییانەی پێشكەشكراون لە لیژنەی دادوەری دەستەكەمان پلەی كۆتاییان وەرگرتووە، هەربۆیە بڕیاری دابەشكردنی ئەو بڕە پارەیە دراوە و كۆی گشتی قەرەبوەكەش دوو ملیار دینارە.

ئاماژەی بەوەشكرد: هاوڵاتییان ئاگاداردەكەینەوە پێشتریش پرۆسەی خەرجكردنی بڕە پارە بۆ زیانلیكەوتوان هەبوە و بەردەوامیش دەبێت، لە پرۆسەی ئەمجارە 606 كەس سودمەند دەبن.

کامەران کەریم