زایەڵە - وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە دیداری لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە، وتی: "گفتوگۆی راشکاوانە، کراوە، بەسوود و بەرهەمدار لەسەر سیاسەتی دراوسێیەتی کرا. "
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی هەینی، لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە شاری جەددە کۆبووەوە.
میدیای سعودیە دیمەنی کۆبوونەوەی بن سەلمان و ئەمیر عەبدوڵڵاهیانی لە شاری جەددەی سەر دەریای سوور بڵاوکردەوە.
میدیاکە ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانیان و "دەرفەتەکانی پێکەوەکارکردن بۆ داهاتوو کرد."
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X سەبارەت بەم دیدارەدا نووسی کە لەگەڵ بن سەلمان بۆ ماوەی 90 خولەک قسەیان کردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، "گفتوگۆی راشکاوانە، کراوە، بەسوود و بەرهەمدار لەسەر سیاسەتی دراوسێیەتی کرا. بە ویستی سەرکردەکانی هەردوو وڵات، پەیوەندیی دوو قۆڵیی خۆڕاگر لە هەموو بوارەکاندا بەردەوامن. ئێمە هاوڕاین لەسەر 'ئاسایش و گەشەی هەمووان' لە ناوچەکەدا."
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان رۆژی پێنجشەممە گەیشتە ریاز و لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحانی هاوتا سعودیەکەی کۆبووەوە.